Referandum

ئەوەی لێی دەترسام ڕووی دا

فەیسەڵ دەباغ

هەموو وەكو كورد باش دەزانین كە مالیكی ماددەی 140 جێبەجێ ناكات و هەر سەرۆك وەزیرانێكی تریش ئامادە نابێت ئەو ماددەیە جێبەجێ بكات.

هەموومان وەكو كورد دەزانین مالیكی و هاوپەیمانی نیشتمانی و هەروا ئیئتلافی عێراقییە لە ئێمە تەنگاوترن كوردستان لە عێراق جیابكرێتەوە، بەڵام بەو سنوورەی ئێستای و بەبێ جێبەجێ كردنی ماددەی 140.

هەموومان وەكو كورد دەزانین كە لیستی عێراقییە ئامادە نییە كەركووك بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، یان ئەوەی پێی دەگوترێ جێناكۆكەكان كە ئێستا مالیكی پێیان دەڵێ ناوچە تێكەڵەكان و ئێمەش ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە شانازی بەوە دەكەم داهێنەری ئەو دەستەواژەیە بووم.

بۆیە ئێستا عێراقییە (نەك هەمووی) ناچارە لەگەڵمان بێت ئەویش لەبەر چەند هۆیەكی جیاواز و تەكتیكی.

عەلاوی باش دەزانێ كە مالیكی ئەو بەشە جێبەجێ ناكات كە لە رێككەوتنامەكەی هەولێر ماوە و زۆر جدیش نییە لە مەسەلەی كۆبوونەوە نیشتمانییەكەدا.

خۆ مالیكیش باش دەزانێ كە عەلاوی نە رێككەوتنەكەی هەولێری دەوێ و نە كۆبوونەوە نیشتمانییەكە، چونكە تەنیا ئامانجی ئەو فەشەل هێنانە بە حكوومەتەكەی مالیكی و تۆڵەكردنەوەیەتی بەهۆی لەدەستدانی پۆستی سەرۆك وەزیران كە بە مافێكی خۆی دەزانی.

عەلاوی باش تێگەیشتووە كە مالیكی نایەوێ هیچ ڕۆڵێكی لەو حكوومەتە یان لەو وڵاتەدا هەبێت و هەموو هەوڵێكی خۆیشی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە كۆتایی پێ بهێنرێ.

وەكو كورد ئەوە دەزانین كە عەلاوی و عێراقییە دژی ویستی ئێمەن لە كۆنفیدرالیەتی كوردستان و ئامادەش نین ماددەی 140 جێبەجێ بكەن و ئەوەش باش دەزانین كە كورد چاوی لە كەركووكە و چاوەڕوانی ئەوەیە بۆی بگەڕێتەوە تا دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ڕابگەیەنێ.

تاریق هاشمی كە بەشێك بوو لە قوڵكردنەوەی ناكۆكییەكانمان لەگەڵ مالیكی، لەوە تێدەگات كە كورد لەبەر خۆشەویستیان بۆ ئەو یان بۆ عەرەبی سوننە نەیانحەواندەوە و بەهیچ شێوەیەكیش ئەو حەوانەوەیە پەیوەندی بە كەرەمە كوردییەكەوە نییە.

كوردیش باشتر تێدەگات كە هاشمی هیچ ڕۆژێك لاگیری دۆزی كورد نەبووە و زۆر هەوڵیشی دا كورد لە پۆستی سەرۆك كۆماری بێبەش بكات و دژی ویستی كوردیش بوو لە مەسەلەی كۆنفیدڕالیەت یان جیابوونەوە.

عەلاوی و عێراقییە باش دەزانن كە مالیكی بە وەزیرە ئەمنییەكانی ئەو لیستە رازی نابێ و ئەویش باش دەزانێ كە ئەوانیش واتە عێراقییە بەو وەزیرانە رازی نابێ كە ئەو دایاندەنێ و عەلاویش لەوە تێدەگات كە مالیكی حەز دەكات ئەو وەزعە وەكو خۆی بمێنێتەوە.

هەموومان دەزانین كە هەموو لایەنەكان تێبینیان هەیە لەسەر دەستوور، بەڵام بە پێی بەرژەوەندییان هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكەن، واتە ئەو بڕگانە هەڵدەبژێرن كە لەگەڵ بەرژەوەندیان كۆك بێت و ئەو بڕگانەش پشتگوێ دەخەن كە لە بەرژەوەندیاندا نەبێت، سەیرەكە لەوەدایە سەرەڕای بوونی ئەو تێبینیانە، بەڵام هەر هەمووان داوای ڕێزگرتن لە دەستوورەكە و جێبەجێكردنی دەكەن و دەڵێن تەنها حەكەمە لە یەكلا كردنەوەی كێشەكان.

هەمووان ئەو ڕاستیە دەزانین كەچی هەریەكەو بە پێی بەرژەوەندی خۆی یاری دەكات و وا هەڵسوكەوتیش دەكەن كە وەك ئەوەی نازانن.

لە لایەك داوای بەستنی كۆبوونەوەی فراوان دەكەن و لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە پێچەوانەی قسەكانیان ڕەفتار دەكەن.

لیستی عێراقییە دەبێ چ لیستێك بێت كە سەرۆكەكەی نەتوانێ هەموویان لەسەر یەك ڕا كۆبكاتەوە؟ 

بە كورتی لەمەودوا با زۆر پشت بەو لیستە نەبەسترێ و لەبەر چاویشمان بێت ئەو ناكۆكیانەی كە لەناو لایەنەكانی هاوپەیمانی بیشتمانیدا هەن لایەنێكی نێودەوڵەتی هەیە كە دەتوانێ كۆنترۆڵیان بكات و هەمووان لەژێر یەك چەتر كۆبكاتەوە، كە ئەمەیش لە مەسەلەی تێپەڕاندنی بودجەدا زۆر بەزەقی ڕەنگی دایەوە.

ئێستا تێگەیشتم هاوپەیمانیەكەی شیعە و كورد، بەلای كەمی لەلای شیعە كارێكی تاكتیكی بووە و بەخۆشیان دان بەو ڕاستیەدا دەنێن.

عزەت شابەندەر كە كەسایەتی دووەمە لە حزبی دەعوە لە لێدوانێكی پێشوویدا ئەم قسەیەی كردبوو، دەبوایە ئێمەی كورد ئەو قسەیەی بەهەند هەڵگرین و ئەلتەرناتیڤێكی دیكە بۆ خۆمان بدۆزینەوە، بەڵام نەك عێراقییە. 

ئێستاش من لەو باوەڕەدام كە وەكو كورد سەركەوتوو نەبووین لە راگرتنی پەیوەندیمان لەگەڵ دوو پێكهاتە سەرەكیەكەی عێراق كە ئەویش سوننە و شیعەن، لەسەر حیسابی سوننە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ شیعەدا ئەوەندە تۆخ كرد كە سوودێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتەوە.

ڕەنگە هەندێ كەس بڵێن سوننە بەرامبەر بە مافی كورد لە شیعە توندترن، منیش دەمگوت وایە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین شیعە لە سوننە توندترە، پاش ئەوەی كە دەسەڵاتی یەكەمیان گرتە دەست و بەرەبەرە خۆیان بەهێزتر كردو تا وای لێهات لە پێگەیەكی بەهێزترەوە بڕیاری خۆیان بدەن.

من ئەوەی زۆر كاری تێكردم رەفتاری لیستی عێراقییە بوو كە لەو ڕۆژەی لە هەولێر بوون و بە دوای هەماهەنگی دەگەڕان، كەچی بەشێكیان لەناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەماهەنگیان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی دەكرد سەبارەت بە هەندێ داواكاری خۆیان..!! بە كورتی ئێمە لەگەڵ ئەوان بووین و ئەوانیش لەگەڵ ئێمەدا نەبوون.

سەبارەت بە ڕەوتی سەدریش لەكاتێكدا پەنایان بۆ كورد دەبرد تا دوو گوندی شیعە نشینیان لە چنگی سوپای ئازادی سوریا رزگار بكات، كەچی ئەوانیش لەناو هۆڵی ئەنجومەندا دژ بە داواكاریەكانی كورد وەستان.

من لە مێژە رابینینی ئەو بارەم كردبوو، بە نووسینیش گوزارشتم لێكردبوو، بەڵام ئەوەی جێی داخە كەس لەسەری نەوەستا و ئەوەی لێی دەترسام ڕووی دا، كە بەراستی سەرەتایەكی ترسناكە كە دەبێت ئێمەی كورد لە ئاستیدا بێدەنگ نەبین، ئەگەر مەسەلە زۆرینە و كەمینە بێت، ئەوا لەمەودوا لە مەسەلەی تری گەورەشدا بە دۆراوی دەردەچین.

بەسە كۆڕ و كۆبوونەوە و خۆخەریك كردن بە كێشەی شیعە و سوننە، ها ئەمڕۆ عەلاوی هات و سبەی رەوتی سەدر و دووسبەی چەلەبی، چونكە هیچ یەكێكیان خەمخۆری كورد نین و هاتنیشیان تەنها بۆ كارێكی تەكتیكییە و هەر بەخۆشیان دەیانەوێ ئەو وەزعە بەم شێوەیە بمێنێتەوە.

لێرەدا تا ڕادەیەكی زۆر كوردیش بەرگەی ئەم وەزعە دەگرێ، چونكە ئەویش پشكی شێری بەردەكەوێ لە دروستكردن و بەهێزكردنی مالیكی و ئەو سیستەمەی كە ئێستا لە بەڕێوەبردنی عێراقدا پەیڕەو دەكرێ، بۆیە ئەم وەزعە پێویستی بە هەڵوەستەیەكی جدییە و چیتریش لەمەودوا گوێ لە ئەم و ئەو نەگرین و نەچینە ژێرباری هیچ لاینێك و وڵاتێك و وازیش لە سۆز بهێنین، چونكە هەر ئەو سۆزە ماڵمان وێران دەكات.

Back to top button