پاش 10 ساڵ له‌ ئازادكردنی عێراق، كورد ناچار ده‌كرێت په‌نا بۆ سه‌ربه‌خۆیی ببات

ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس ڕاپۆرتێكی بە بۆنەی 10ـیەمین ساڵیادی دەستپێكردنی پڕۆسەی ڕزگاری عێراقەوە بڵاو كردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەو پێشكەوتنە داوە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان بە دەست هاتووە

“ئەسۆشیەتد پرێس” نووسیویەتی “ئێستا لە چەند قوتابخانەیەكی تایبەتی هەرێمی كوردستان، قوتابیان پێش ئەوەی فێری عەرەبی بكرێن فێری ئینگلیزی و توركی دەكرێن

قوتابیانی زانكۆیش خەون بەوەوە دەبینن لە ئەورووپا ئیشیان دەست بكەوێت، نەوەك لە بەغدا. خاوەن كارێكی كوردیش دەڵێت ئامادە نییە لە شوێنەكانی دیكەی عێراق كاری وەبەرهێنان بكات، چونكە جگە لە هەرێمی كوردستان هەموو شوێنێكی ئەم وڵاتە نائارامە.” 

پێوەندی نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا 
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا پەرە پێ داوە، بەڵام چەندین پرس وایان كردووە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامیان هەبێت

“ئەسۆشیەتد پرێس” نووسیویەتی، بەرپرسانی كوردستان دەیانەوێت لە كاتی ئێستادا هەرێمەكەیان وەكو بەشێك لە عێراق بمێنێتەوە، بەڵام پێ دەچێت بەردەوامبوونی كێشەكان لەگەڵ بەغدا ناچاریان بكات، پەنا بۆ سەربەخۆیی ببەن

لەو بارەوەیش بەرپرسی نووسینگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح موستەفا دەڵێت “ئەو پێوەندییەی ئێمە لەگەڵ بەغدا وەكوو جۆرە هاوسەرگیرییەكی پیرۆز نییە كە دەبێت هەتا هەتایە بمێنێتەوە.”

ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا گەییشتونەتە ئاستێكی باڵا و پێشبینییش دەكرێت ساڵی داهاتوو دەست بە دانانی بۆڕیەك بۆ مەبەستی گەیاندنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بكرێت

ئەگەر بێتو ئەم پلانەیش جێبەجێ بكرێت، ئەوا كوردستان هەنگاوێكی گەورە بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی هەڵدەگرێت

كوردەكان سەربەخۆییان دەوێت 
ئەو ئاژانسەی هەواڵ نووسیویەتی، زیاتر لە نیوەی دانیشتووانە 5 ملیۆن و 3 هەزارەكەی هەرێمی كوردستان لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە دایك بوون. ئەمەیش واتای ئەوەیە كە ئەو هاووڵاتیانە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەستەڵاتی دیكتاتۆرییەتی “سەددام”ـیان لە هەرێمەكەیاندا نەبینیوە

قوتابیانی زانكۆی جیهان لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەڵێن كە ئەوان كوردن و خۆیشیان بە عێراقی دانانێن. قوتابیانی ئەم زانكۆیە پێیان وایە گەندەڵی و كێشەی تایفی و سیاسی لە عێراقدا كاریگەریی نێگەتیڤی لە سەر هەرێمەكەی ئەوانیش هەیە

بڵند ئازادی تەمەن 20 ساڵ لە كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی جیهان قوتابییە و دەڵێت “پێم خۆشە كوردستان سەربەخۆیی وەربگرێت. نامەوێت بەشێك بین لە عێراق. كوردستان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق باشترە

ئەگەر وەكوو بەشێك لە عێراق بمێنینەوە، ئەوا ڕەوشی ناوچەكانی دیكەی ئەم وڵاتە كاریگەری لە سەر ئێمە دەبێت و بە ڕاستی ناتوانین ئازاد بین.”

هەرێمی كوردستان ڕۆڵی كارای لە پڕۆسەی ڕزگاری عێراقدا گێڕا و تاكوو ئێستایش خۆشەویستییەكی زۆر بۆ ئەمەریكا لە ناو كوردەكاندا هەیە.

ڕێباز زێدبەگی لە كۆمپانیای “گروپی سەنك” دەڵێت، پڕۆسەی ڕزگاری عێراق دەرفەتێكی باشی ڕەخساند بۆ ئەوەی ئەم پێشكەوتنە گەورەیە هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.

ڕێباز دەیشڵێت كۆمپانیاكەیان لە ناوچەكانی دیكەی عێراق كار ناكات، بەڵام دەرفەتی ئیشكردن لە هەرێمی كوردستان بێكۆتایە.

ئەو هەروەها دەڵێت “پێم وایە كوردستان وەكوو بێچووە پڵنگێك وایە. لەو باوەڕەدام لە چەند ساڵی داهاتوودا كوردستان دەبێتە هێزێكی كارای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”

بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان باش بووە 
ئەسۆشیەتد پرێس نووسیویەتی، ئەگەر سەردانی كوردستان بكەیت ئەوا بۆت ڕوون دەبێتەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشكەوتنی گەورە لەم هەرێمە بە دەست هاتووە

ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی گەورەی وەكوو گوندی ئینگلیزی، هۆتێلی پێنج ئەستێرە و باڵاخانەی دیكە لە شاری هەولێری پایتەخت دەبینرێن

پاشانیش، بەراوردێك لە نێوان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و فڕۆكەخانەی بەغدادا بكە و ئەو كات بۆت ڕوون دەبێتەوە كوردستان و ناوچەكانی دیكەی عێراق چەندە جیاوازن

كوردستان لە بواری ئابوورییەوە پێشكەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە و ئەمەیش لە ژیانی هاووڵاتیاندا ڕەنگی داوەتەوە

پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی دەڵێت “لە ساڵی 2003ـدا تەنیا 4 هەزار ئۆتۆمبێلی تۆماركراو لە هەولێردا هەبوون، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە گەییشتوەتە نیو ملیۆن.” 

نەوزاد هادی هەروەها ئاماژە دەدات كە لە كاتی دەستپێكردنی پڕۆسەی ڕزگاری عێراقدا تەنیا چەند هۆتێلێك لە هەولێر هەبوون، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە گەییشتوەتە 234 ئوتێل

وەزیری پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش عەلی سیندی بە شانازییەوە باس لە دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری، كەمبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بێكاری لە هەرێمی كوردستاندا دەكات

ئاوەدانكردنەوەی كوردستان لە 10 ساڵی داهاتوودا 
عەلی سیندی دەڵێت “ڕاستە كوردستان پێشكەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە، بەڵام هێشتا كاری زۆر ماوە بۆ ئەوەی ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانان باس دەكات كە دەبێت لە 10 ساڵی داهاتوودا بڕی 30 ملیار دۆلاری ئەمەریكی لە بواری ڕێگەوبان و قوتابخانە و پڕۆژەسەرەكییەكانی دیكەی هەرێمەكەدا خەرج بكرێت

ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بە شێوەیەكی پێشبینی نەكراو لە زیادبووندایە و ئەمەیش واتای ئەوە دەگەیەنێت كە دەبێت ساڵانە 70 هەزار پڕۆژەی نیشتەجێبوونی نوێ دروست بكرێن

“ئەسۆشیەتد پرێس” نووسیویەتی كە لەگەڵ ئەم پێشكەوتنەیشدا كێشەیەك لە هەرێمی كوردستان هەیە، ئەویش گەندەڵییە و ئەمەیش هاووڵاتیانی نیگەران كردووە. عەبدوڵڵا مەلا نورییش لە پارتی گۆڕان دەڵێت كە پەرلەمانی هەرێم لاوازە و ناتوانێت بە شێوەیەكی چالاك چاودێری حكوومەت بكات

جیاوازییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا 
ئەو ئاژانسەی هەواڵ نووسیویەتی “هەندێك لە جیاوازییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق لە بواری سیاسەتی دەرەوە و نەوتدایە. بەغدا دژی ئەو سیاسەتە دەرەكیەیە هەولێر جێبەجێی دەكات

لە هەمان كاتیشدا بەغدا جەخت لە سەر ئەوە دەكاتەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مافی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوتدا نییە.”

هەولێریش دەڵێت “حكوومەتی هەرێم مافی خۆیەتی سیاسەتێكی وزەی تایبەت بە خۆی هەبێت.” 

ئێستایش حكوومەتی هەرێم خاوەنی یاسای وزەی تایبەت بە خۆیەتی و لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا كوردستان زیاتر لە 50 ڕێككەوتننامەی لەگەڵ كۆمپانیا دەرەكییەكان بۆ مەبەستی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمەكەیدا واژۆ كردووە.

یەكێك لەو كۆمپانیایانەی بواری نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكات، كۆمپانیای جینڵ ئینێرجییە.

ئەم كۆمپانیایە لە مانگی جانیوەری ئەمساڵدا لە ڕێی تانكەرەوە دەستی بە ناردنە دەرەوەی نەوت بۆ توركیا كردووە.

عەلی بەلۆ بەرپرسێكی بواری نەوتی حكوومەتی هەرێمە و دەڵێت “دانانی بۆڕییەكی نەوت بۆ گەیاندنی نەوتی هەرێم بە توركیا گرنگیی خۆی هەیە.” هەروەها دەیشڵێت “بۆچی ئەم بۆریە دادنێین؟ چونكە هەمیشە لەگەڵ بەغدا كێشەمان هەیە.” 

قۆناغی داهاتووی هەرێمی كوردستان 
ئەسۆشیەتد پرێس” نووسیویەتی، ئەم پڕۆژەیە سەرەتای سیاسەتێكی نوێی توركیا لە ناوچەكەدا پێشان دەدات

چەند ساڵێك پێش ئێستا پێوەندی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان گرژ بوو، بەڵام ئێستا پێوەندیەكی زۆر بەهێز لە نێوان ئەم دوو لایەنەدا هەیە

توركیا پێویستی بە نەوت هەیە بۆ ئەوەی لە سەر گەشەی ئابووری خۆی بەردەوام بێت. بەرپرسانی ئەنقەرە پێیان باشە ئەم نەوتە لە هەرێمی كوردستان وەربگرن، نەوەك لە بەغدا.

كوردستانیش لە چەندین بوارەوە پێویستی بەم پێوەندییە بەهێزەی لەگەڵ توركیادا هەیە، لەوانەیش بۆ ناردنە دەرەوەی نەوتی خۆی و بۆ بەهێزكردنی پێوەندییە ئابووریەكانی لەگەڵیدا

بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەڵێن كە ئێستا نزیكەی هەزار و 900 كۆمپانیا لە هەرێمەكەیاندا ئیش دەكەن و نزیكەی نیوەی ئەوانیش كۆمپانیای توركین

سەرەڕای ئەوەیش، پێوەندییەكی بەهێزی بازرگانی لە نێوان توركیا و هەرێمدا هەیە

“ئەسۆشیەتد پرێس” لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت “كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا درێژەیان هەیە و بەرپرسانی كوردستانیش پێیان وایە بەردەوامی ئەم كێشانە جیابوونەوەی كوردستان لەگەڵ بەغدا بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە كوردەكان خەون بە دەوڵەتێكی سەربەخۆی گەورەی كوردییەوە دەبینن كە ناوچە كوردییەكانی سووریا و توركیا و ئێران و عێراق لەخۆی بگرێت.” 

فەلاح موستەفا دەڵێت “وەكوو گەلێك، ئێمە مافی خۆمانە ببینە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان. دەمانەوێت تاكوو لە ژیانداین ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیە ببینین.”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا كوردستان لە پاش دانانی ئەو بۆڕییە نەوتەكەی و گواستنەوەی نەوتەكەی بۆ توركیا سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت، فەلاح موستەفا گوتی “كاتێك گەییشتینە ئەوێ بەو پردەدا دەپەڕینەوە. لە كاتی ئێستادا پابەندین بە عێراقێكی دیموكراسی، فیدراڵی وفڕەحزبیەوە.”

(هه‌ولیر)

Nerîna min :