ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سووریادا نییه
ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له داڤۆس بۆ سی ئێن ئێن تورك دوا و ده‌رباره‌ی په‌یه‌ده و سووریا وتی:
“ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ گرووپه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی سووریادا نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌یه‌ده‌دا دوو كێشه‌مان هه‌یه، یه‌كه‌میان پشتگیری به‌شار ئه‌سه‌د ده‌كات، دووه‌میش پشتگیری تیرۆر له توركیا ده‌كات، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو لایه‌نه نه‌بێت، ئێمه هیچ كێشه‌یه‌كمان نابێت، به‌ڵام ئه‌و دوو لایه‌نه وا ده‌كات په‌یه‌ده له سووریا نه‌بێته ئه‌كته‌رێكی شه‌رعی. ئێمه ئه‌م پرسانه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی كورد خستووه‌ته روو و ئه‌و پێشنیازه‌مان بۆ موعاز خه‌تیب سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتیمانیی هێزه شۆڕشگێڕه‌كان كردووه كه له‌گه‌ڵ بارزانی دیدار ئه‌نجام بدات و له‌وانه‌یه بارزانی و خه‌تیب ئه‌و دیداره ئه‌نجام بده‌ن. پێویسته له ناوچه‌كه‌دا هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان ئێش و ئازاری خه‌ڵكی سووریا كۆتایی پێ بهێنن.
داود ئۆغلۆ له به‌رانبه‌ر پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا بارزانی پشتگیری ئه‌و پرسه ده‌كات یان نا؟ وتی:
“وه‌ك ده‌زانن بارزانی پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه كردووه پێویسته كوردان بچنه نێو ئۆپۆزسیۆنی سووریاوه”.
له باره‌ی پرسیاری (دوای ده‌ستكردن به دانوستاندن له‌گه‌ڵ ئیمراڵی، له‌گه‌ڵ بارزانی دانوستان كراوه یان نا؟) وتی:
“بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌كه هاوشان بڕوات، پێویسته له باكووری عێراق هه‌ندێ رێوشوێنی گونجاو بگیرێته به‌ر، وه‌ك ده‌زانن قه‌ندیل و مه‌خموور له‌و ناوچه‌یه‌دان و ئه‌گه‌ر له باكووری عێراق هه‌نگاو به‌ره‌و پێشه‌وه نه‌نرێت، هه‌وڵه‌كانی ناو توركیا وه‌ك پێویست نابن.


