داود ئۆغلۆ: مالیكی له‌گه‌ڵ هه‌مووان پێوه‌ندی تێك داوه
ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، به‌شداری به‌رنامه‌یه‌كی سی ئێ ئێن توركی كرد و ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی نێوان توركیا و مالیكی و حكوومه‌تی عێراق، وتی: “توركیا ته‌نیا داوا له مالیكی ده‌كات، هه‌موو ئه‌كته‌ره سیاسییه‌كان به‌بێ جیاوازی مه‌زهه‌بی بچنه نێو سیستمی سیاسیی عێراقه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مالیكی جگه له خۆی و پارته‌كه‌ی، هه‌موو ئه‌كته‌ره‌كان له گۆڕه‌پانی سیاسی دوور بخاته‌وه و له عێراق شتێك به دڵی خۆی بكات، ئه‌مه كێشه‌ی توركیا نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له عێراق شتێك روو بدات كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كه دروست ده‌كات، بۆیه مافی قسه‌كردن و دانیشتنمان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی عێراق هه‌یه.
وتیشی: مالیكی نه له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی، نه له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی خۆی داده‌نیشێت تا رێك بكه‌وێت، شتێكی وه‌ها دروست ده‌كرێت كه مالیكی له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێك پێوه‌ندی باشه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ توركیا پێوه‌ندی باش نییه. مالیكی نه‌ك ته‌نیا له‌گه‌ڵ كورد و سوننه به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ شیعه‌كانیش كێشه‌ی هه‌یه. هیوامان ئه‌وه‌یه مالیكی شته‌كان به دروستی هه‌ڵبسه‌نگێنێت و له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك پێوه‌ندییه‌كانی باش بكات.
داود ئۆغلۆ، ئاماژه‌ی به باكووری عێراق كرد و وتی: توركیا له هه‌موو وڵاتان زیاتر به‌رگری له یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كات، به‌ڵام كاتێك به‌رگری له یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كات، مافی هه‌موو گه‌لانی عێراق ره‌چاو ده‌كات، له باكووری عێراق نزیكه‌ی له 20 وڵات 40 كۆمپانیای نه‌وتی به‌شداریی بازرگانی نه‌وت ده‌كه‌ن و ئه‌و وڵاتانه هه‌مووی پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كورد ئه‌نجام داوه، توركیایش وه‌ك ئه‌و وڵاتانه، ئه‌وه راست نییه كه ده‌وترێت گوایه له‌به‌ر ئه‌و پێوه‌ندییه یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
پرسی وزه دوارۆژی توركیا دیاری ده‌كات و ده‌بێت ئه‌م پرسه ببێته ئامانجی ئێمه، له هه‌ر كوێیه‌ك بێت، ده‌بێت توركیا ببێته سه‌نته‌ری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌مان نه‌كرد، ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن.