
لەو کاتەی سایتی ((رۆژەڤا کورد)) دەستی بە پەخشی خۆی کردووە، تەنیا بە زاراوەی کرمانجی سەرو و بە پیتی لاتینی بەردەوامبووە و چەندین ساڵە بەم شێوەیە درێژەی بە وەشانی خۆی داوە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا و دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە پێشنیار و دواکاری ئاراستەمان کرا، بە تایبەتی لە کوردستانی باشوورەوە کە وەشانی ((رۆژەڤا کورد)) بە پیتی عەرەبی و زاراوەی کرمانجی خوارووش لە خۆ بگرێت، لەم بوارەدا چەند رەخنەیەکیش هەبوون.
ستافی ((رۆژەڤا کورد)) بە وردی لەسەر ئەم بابەتە وەستا و دوای گفتوگۆیەکی درێژ بەو ئەنجامە گەیشتین کە بەڵێ دەبێ ((رۆژەڤا کورد)) وەشانی خۆی بە زاراوەی سۆرانیش دەست پێبکات، ئەمەش ڕاستییەکی کۆمەڵگای کوردییە و نەمانویست ئەم راستییە لە بەشێك لە خوێنەرانمان پەردەپۆش بکەین، بۆیە بریاردرا لەمەودوا پەخشی ((رۆژەڤا کورد)) بە هەردوو زاراوەی سەرەکی کرمانجی و سۆرانی بێت.
ئەگەر لە ئایندەدا پێویست بوو و ئیمکانیاتمان لە بەردەست بێت هەوڵدەدەین بە زمانەکانی تریش وەشان ئەنجام بدەین.
هەموو شتێك بە پێی ئەو مەرج و پروسەی کە تێیدا تێدەپەرین دەکرێت، ئومێدەوارین ئەم هەنگاوەمان جێگای دڵخۆشی خوێنەرانمان بێت لە باشۆر و بەشێك لە ڕۆژهەلاتی کوردستان .
لەگەڵ رێز و سڵاومان
رۆژەڤا کورد