(شەهیدی گەورە و شەهیدی بچوك، داهێنانی (هاوڵاتی

 

شەهیدی گەورە و شەهیدی بچوك، داهێنانی (هاوڵاتی)

دیار مزوری

كارێكی تازە نییە، رێگایەكی نوێ و تاقینەكراوە نییە، بەڵكو لەمێژ ساڵە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستاندا، لەپێناو گەشتن بەمەرامێكی سیاسی و بۆ لێدانی سیاسی، پەنا بۆ دابەشكردن یان بەوەسیلەكردنی هەرچی بەهاو پیرۆزیی ئەم میللەتەیە دەبرێت.
بۆ گەشتن بەئامانجی سیاسی، پێرێ پەنا برایە بەر دابەشكاری دیالێكتی، دوێنێ دابەشكاری ناوچەیی، ئەمڕۆش وا پەنا دەبرێتە بەر دابەشكردن و جیاوازی دروستكردن لەنێوان هەرە پیرۆزترین و هەستیارترین چینی ئەم میللەتە، كە ئەویش شەهیدان و كەسوكاری شەهیدانیەتی، گەرچی خوێنی شەهیدانی كورد لایەنێك بووە، كە تاكو ئیستا تەنانەت دوژمنانی ئەم میللەتەو ئەنجامدەرانی خودی تاوانەكەش نەیانتوانیوە سوكایەتی پێ بكەن، یان هێندە كەمبایەخ لێی بڕوانن، كە بیكەنە كارتی دەستیان بۆ لێدان لەدۆز و لەسیاسییەكانی ئەم میللەتە، چونكە دڵنیا بوون ئەو لایەنە وابەستەو گرێدراوی رۆحی میللەتێكەو دەست بۆ بردنی، بەنزین كردنە بەئاگری رقی نەتەوەیەكی خاوەن شەهیددا، بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی راگەیاندنێكی كوردی و بارگاوی بەئامانجگەلێكی سیاسی، پەنا بۆ دابەشكاری و دروستكردنی جیاوازی لەنێوان شەهیدانیشدا دەبرێت، بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ ئەوە دەكات كە دوژمن نەیكرد، خۆی بەڕاگەیاندنی كوردی دەناسێنێ، رەنگە ئەو كارەش بەمافی رەواو مومارەسەكردنی ئازادی بیروڕا ناوببات، بەڵام خوێنەری ئاگا دەزانێت، ئەوەی ئەوان دەیكەن، ئازادی بیروڕا نییە، بەڵكو بەكارهێنانی ئازادی بیروڕایە بۆ مەرامی دیكە، هەڵقوڵاوی نەزاندوویی نییە، هێندەی بەكارتكردنی خوێنی شەهیدانە بۆ مەرامی تایبەت، هێندەی گەرمكردنەوەی گەمەكانی دابەشكارییە لەنێوان كورددا، هێندەی پەنابردنە بۆ هەمان ئەو ئالیەت و وشەگەلانەی كە دوێنێ لەدابەشكاری دیالێكتی كورددا بەكار دەبران.

بڕوانە ئەم مانشێتە هەواڵەی رۆژنامەی (هاوڵاتی) “نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لەبەریتانیا، كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال بچوك دەكاتەوەو ئەنفالی بارزانییەكان گەورە دەكات”، هەڵچنین و داڕشتنی ئەم مانشێتەی (هاوڵاتی) پشتبەستوو بەپەڕەگرافی داوەتنامەیەكە، یان ناوی كۆنفرانسێكە بۆ یادی شەهیدانی كوردستان كە لەبەریتانیا سازكراوە، گوایە ناوی ئەنفالكراوە بارزانییەكان خراوەتە پێش شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالكراوانی كوردستانەوە، مرۆڤ لێرەدا دەبێت بپرسێت، ئاخۆ شەهیدانی بارزانی و شەهیدانی هەڵەبجەو گەرمیان و هەموو كوردستان، وەك یەك شەهید نین؟، ئاخۆ دەكرێ لەنێوان شەهیدان بەهۆی ناوچەكانیانەوە جیاوازی و پلەبەندی بكرێت؟ لەكاتێكدا كە هەموو ئەنفال بن، یان شەهیدی كیمیاباران بن؟، لێرەدا پرسیارەكەی من مەبەست ئەو پلەبەندییە كە رۆژنامەی (هاوڵاتی) بۆ جیاوازی دروستكردن لەنێوان شەهیداندا كردوویەتی، جیاوازی لەڕێز و لەناسناو لەپێشەنگی، یان لەهەر لایەنێكی دیكە كە (هاوڵاتی) بەخەیاڵیدا هاتووە، (هاوڵاتی) لەوێدا دەیەوێ نوێنەرایەتی حكومەتی كوردستان لەبەریتانیا بەوە تاوانبار بكات، كە مادام ناوی ئەنفالكراوە بارزانییەكانی خستۆتە پێش ناوی شەهیدانی هەڵەبجەو ئەنفالكراوانەوە، ئەوە بارزانییە ئەنفالكراوەكانی گەورەتر پێشانداوە، لەوانی دی.

لێ (هاوڵاتی) و داڕێژەرانی ئەو بابەتە پڕ مەبەستە، لەوێدا ئەوەندە ناوەستایانە هەوڵی بەكارتكردنی خوێنی شەهیدانیان داوە، بۆ دروستكردنی تەفرەقە و تۆمەتێكیان بەكار بردووە، كە بەئاسانی دەكرێ بەكار بێتەوە بۆ تاوانباركردنی خۆیان، ئەوان دەڵێن، ناوهێنانی ئەنفالكراوانی بارزانی لەسەرەتادا گەورەكردنی ئەوانە لەبەرانبەر شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفالكراوان. هەر بەشیكردنەوەی خودی مانشێتەكەی خۆیان، دەكرێت بە(هاوڵاتی) بگوترێت، مادام ئێوە دەتانەوێ بڵێن هەر پۆلە شەهیدێك لەسەرەتادا ناوی هات گەورەكردنیانەو هەر پۆلە شەهیدێكی دیكە دواتر ناوی هات بچوككردنەوەیەتی، مادام (هاوڵاتی) دەیەوێ ناوی ئەنفالكراوانی بارزانی لەدواتر بێت، كەوایە بەپێی هەمان پۆلینكردنی خۆیان، ئەوە (هاوڵاتی) دەیەوێ بڵێ ئەنفالكراوانی بارزانی بچوكتر دەبینم لەشەهیدان و ئەنفالكراوانی ناوچەكانی دیكەی كوردستان، ئایا ئەوە رەوایە كە ئێمە بەوە (هاوڵاتی) تاوانبار بكەین، كە ئەنفالكراوانی بارزانی، بچوكتر لەئەنفالكراوانی ناوچەكانی دیكەی كوردستان دەبینێت؟ بێگومان بەڕای من نەخێر رەوا نییە، بەڵام ئەگەر (هاوڵاتی) بیەوێ تەنها بەپاش و پێشخستنی ناوهێنانی شەهیدان تاوانی پلەبەندی گەورەیی و بچوكی لەنێوان شەهیداندا بداتە پەنای كەسانێك و بەنوسین دادگاییان بكات، ئەوە لەبەرانبەریشدا بۆ خەڵك رەوایە (هاوڵاتی) بەوە تاوانبار بكات و بەوەڵامدانەوە دادگایی بكات، كە دەیەوێ ئەنفالكراوانی بارزانی بچوكتر ببینێت لەشەهیدان و ئەنفالكراوانی دیكەی كوردستان.
ئەوەی من لەو نێوانەدا دەیبینم خەمخۆری شەهیدان و خەمی پلەبەندی شەهیدان نییە، بەڵكو وەك لەسەرەتادا باسمكرد، گەرمكردنەوەی هەمان گەمەی بەئاكام نەگەشتووی رابردووی كەسانێكە، كە بۆ سەركەوتنی بۆچونەكانی خۆیان و هێشتنەوەی خۆیان، ئامادەبوون قوربانی بەیەكڕیزی میللەتێك بدەن و دەست ببەن بۆ دروستكردنی جیاكاری لەنێوان خەڵكی كوردستاندا، جا بەناوچەگەرێتی یان داكۆكیكردن لەدیالێكتێك دژی دیالێكتەكانی دیكە یان هەر پاساوێی تر بوبێت. بەڵام ئەمجاریان دەیانەوێ سۆزی هەستیارترین چینی ئەم وڵاتە بورژێنن، كە كەسوكاری شەهیدانن، تا لەرێگای سۆزی جوڵاوی ئەوانەوە بگەنە ئەسڵی مەتڵەب، دوور مەڕۆ رەنگە هاوڵاتییەكانی رۆژنامەی (هاوڵاتی) بەخوێندنەوەی راكانی ئێمە دەست بكەنەوە لێدانەوەی ئەو قەوانەی كە ئەوەی رەخنە لەئێمە بگرێت، ئێمە تاوانێك دەدەینە پەنای، بێ ئەوەی بۆخۆیان بیر لەوە بكەنەوە، ئەوان دەستیان بۆ چ تاوانێك بردووە، كە دەیانەوێ دابەشكاری بگەیەننە ناو كەسوكاری ئەوانەی تەنها لەسەركوردبوون شەهیدكران.

بۆیە من لێرەوە دەمەوێ روو لەكەسوكاری شەهیدان بڵێم، بەخوێندنەوەتان بۆ گەمەكانی دابەشكاری لەنێوان ئەم میللەتەدا لەرابردوو، بەتێڕامانتان بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی دابەشكاری كە لەنێوان هەموو چین و توێژەكانی ئەم وڵاتە دراوە، بەتێگەشتنتان بۆ ئەو هەوڵە سەرنەكەوتوانەی كە ئێستا لەگۆڕێدان بۆ وروژاندنی رای خەڵكی ئەم وڵاتە دژ بەلایەنێكی دیاریكراو، هۆشیارانە لەم هەوڵەش بڕوانن و رێگەنەدەن هەستی برینداری ئێوە بەكار بێت بۆ گەرمكردنی ئەو گەمەی خەونی لەمێژیەنی خەڵكانێكە، بزانن ئەوە چ مەرام و چ ئامانج و چ بیركردنەوەیەكە، دەیەوێ تەنها بەپاش و پێشخستنی ناو، پلەبەندی بچوكی و گەورەیی بۆ شەهیدانی كوردستان دابهێنێت، تێبگەن ئەودیوی ئەم داهێنانە چییەو ئەم خەمخۆرییە ماسكی رووی چ خەمێكی بچوكی خاوەن بیركردنەوە بچوكەكانە.

وەك پێشتر ئاماژەمكرد تەئكید لەوە دەكەمەوە وێڕای هەڵەی گەورە و بەمەبەستكراوی هاوڵاتی لەدروستكردنی دابەشكاری و بەخشینەوەی پلەی شەهیدی گەورەو شەهیدی بچوك لەنێوان شەهیدانی كوردستاندا، هێشتاش تاوانباریان ناكەم، خوازیارم بەهەڵەی خۆیاندا بچنەوەو بزانن خوێنی شەهیدان كوردستان مەیدانی گەمە سیاسیەكان نییەو بەڕێگایەك هەڵەكەی خۆیان راستبكەنەوە، ئەگەرناش پێشنیار بۆ گەنجانی كوردستان دەكەم كە چەند كەسێكیان بەنوێنەرایەتی گەرمیان و بادینان و ناوچەیەڵەبجەی شەهیدەوە، سەردانیڵاتی بكەن، هۆشداریان پێبدەن كە لەبرینە سارێژنەبووەكانی كەسوكاری شەهیدان گەڕێن و لەوە زیاتر ئازاریان نەدەن. جێی خۆیەتی وەبیری داواكاری گشتی كوردستانیش بهێنینەوە، كە ئەركی ئەوانیشە لەبەكارتكردنی خوێنی شەهیدان هەڵوێستیان هەبێت، لێكوڵینەوەی جدی بكەن لەوەی كە ئاخۆ ئەوە ئەو چالاكیەی نوێنەرایەتی حكومەتی كوردستانە لەبەریتانیا، یان راگەیاندنی خاوەن ئامانجی سیاسییە لەم وڵاتەدا، دەست دەبات بۆ بەكارتكردن و بەكارهێنانی خوێنی شەهیدانی كوردستانیش بۆ مەرامێكی بچوك، ئەوە ئەركی داواكاری گشتییە كە كار لەسەر ئەم كەیسە بكات، چونكە پێم وایە ئەو مانشێتەی هاوڵاتی یەكێك لەترسناكترین میتۆدەكانە، كە بۆ لێدان و پەرتەوازەكردنی هەستی نەتەوەییمان بەكارهێنراوە، هیچ كات من وەكو كوردێك ئەوەندە هەستم بە خەتەر نەكردووە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، چونكە شەهیدان و خوێنیان بەرزترین پیرۆزیی ئێمەبووە و یەكێك لەهەرە گرنگترین و هەستیارترین خاڵی پەیوەندی نێوان هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە.

(نوچه‌ نیت)

 

Bersiv :

Nêrîna te
Nav: