Referandum

سەرۆك بارزانی: پاڵپشتی له‌ خۆپێشانده‌رانی عێراق ده‌که‌ین

سه‌رۆکی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه‌ی کوێت تایمس.وەرگێرانی: ئەحمەد تەڵعەت

سەرۆكی كوردستان مەسعوود بارزانی لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی کوێت تایمزدا جەختی كردەوە كە پێوەندیی نێوان كوێت و هەرێمی كوردستان، پێوەندییەكی مێژووییە و ڕەگی داكوتاوە.

 

سەرۆك بارزانی دووپاتیشی كردەوە كە سەركردە كوردەكان هەمیشە دژی كردەوە هەڵەكانی حكوومەتی پێشووی عێراق بوون لە پەلاماردانی كوێت.

 

سەرۆكی کوردستان دەڵێ، “پێوەندیی نێوان ئێمە و كوێت، پێوەندییەكی زۆر بەهێزە و زۆر شتی هاوبەش لە نێوانماندا هەیە، بۆ نموونە خەڵكی ئێمە و كوێت لە پێشتردا لە لایەن رژێمی بەعسەوە چەوسێنراونەتەوە، خەڵكی كوردستان بۆ ماوەی نزیكەی 30 ساڵ لە لایەن ڕژێم چەوساوەتەوە هەروەك چۆن كوێت لە كاتی داگیركردنی لە لایەن رژێمی پێشووی عێراق چەوساوەتەوە.”

 

سەرۆكی هەرێم ئەوەیشی بە بیر راگەیاندنكارانی كوێت هێنایەوە كە لە ساڵی 1960ـدا كاتێك سەرۆكی ئەو كاتی عێراق عەبدولكەریم قاسم هەڵەی بەرانبەر كوێت كرد، مەلا مستەفای بارزانی بە هەموو شێوەیەك دژی ئەو كردەوەیە ڕاوەستا و ڕەتی كردەوە. بارزانی گوتیشی كە هەموو كات هەستی بەوە كردووە زۆر نزیكە لە سیاسەتمەداران و كاربەدەستانی كوێت و ڕێز و سڵاویشی نارد بۆ ئەمیری كوێت و داوایشی كرد بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی پێوەندیی نێوان هەردوو میللەت، گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەرێم و كوێتدا هەبێت.

 

ڕەخساندنی هەل بۆ وەبەرهێنەران

لە بارەی ڕەخساندنی هەلێكی زۆر بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەكان، سەرۆكی هەرێم دووپاتی كردەوە كە یاسای وەبەرهێنانی هەرێم یەكێكە لە باشترین یاساكانی وەبەرهێنان لە جیهاندا. سەبارەت بە سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئیسلامییەكان لە كوردستانیشدا، سەرۆكی هەرێم گوتی كە ئەو بزووتنەوانە 16%ـی دانیشتووانی هەرێم پێك دەهێنن و لە هەرێمێكی دیموكراسی و سەربەخۆدا هەموو لە ژێر یاساكانی دیموكراسیدا ژیان دەكەن. بارزانی دەڵێ “ئێمە كێشەمان لەگەڵ بزووتنەوە ئیسلامییەكان و هیچ بزووتنەوەیەكی دیكەدا نییە.” هاوكات رایشیگەیاند كە سیاسەتی هەرێم بە هیچ جۆرێك ڕێگە بە هەڕەشەی سیاسی و كاری ئاژاوەگێڕی نادات.

 

لەسەر مەسەلەی تیرۆر پرسیار لە سەرۆكی هەرێم كرا و ئەو گوتی كە تیرۆر یان تیرۆریزم دیاردەیەكی ترسناكە و هەڕەشەیە بۆ هەموو عێراق و دڵنیایشی كردینەوە كە باری ئاساییشی هەرێم جێگیرە.

 

پێویستە هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن

سەرۆك بارزانی گوتی “عێراق بە قەیرانێكی ڕاستەقینەدا تێدەپەڕێت و لەسەر هەموو لایەك پێویستە پابەندی دەستوور بن و نەهێڵین عێراق بەرەو كارەساتێكی پێشبینیكراو بڕوات، ئەو كات دەتوانین چارە بۆ كێشەكان بدۆزینەوە و لەو قەیرانە ڕزگارمان بێت.” سەرۆك زیاتر لە بارەی ئەم بابەتەوە گوتی كە بە هەموو شێوەیەك و پڕبەدڵ پشتیوانی لە خۆپێشاندەرانی ئەنبار و هەر شارێكی دیكە دەكات كە داوای گەڕانەوە بۆ دەستوور دەكەن و لێناگەڕێن كە گرووپە تیرۆرستییەكان و قاعیدە بابەتەكە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەكار بهێنن.

 

كوردی سووریا داوای مافەكانی خۆیان دەكەن

سەرۆكی كوردستان مەسعوود بارزانی لە بارەی سووریاوە ڕایگەیاند كە بە یارمەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕێكی زۆر یارمەتییان بۆ گەلی سووریا ناردووە و ئامادەیی خۆیشی نیشان دا بە یارمەتیی دەستگە ناحكوومییەكان، یارمەتییەكانی هەرێم بگەیەنن بە ئاوارە سوورییەكان. بارزانی دەڵێ “كوردی سووریا تەنیا بە دوای مافە ڕەواكانی خۆیاندا دەگەڕێن و هیچ مەبەستێكیان بۆ داگیركرنی دەستەڵات نییە و دەیشزانن كە هەموو خەڵكی سووریا مافی لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیدا هەیە.”

 

سەرۆكی هەرێم لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی كە چەند جارێك داوای سەرۆكی ئەنجوومەنی كاتیی سووریای ڕەت كردووەتەوە بۆ دەستێوەردان لە كێشەی سووریا.

Back to top button