سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێكى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى عیراق ده‌كات

ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 16/1/2013 به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ شاندێكى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى میر فه‌واز محه‌مه‌د ژیاب ئه‌لجربا میرى هۆزى شه‌مه‌ر .
له‌ دیدارێكدا ، میر فه‌واز محه‌مه‌د ژیاب ئه‌لجربا به‌ ناوى عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى له‌ باشوور و ناوه‌ڕاست و باكورى عیراق ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك بارزانى كرد بۆ به‌ كۆتاهاتنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دڵنیاكردنه‌وه‌ى سه‌رۆك بارزانى كه‌ عه‌شایه‌رى عه‌ره‌بى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شدارى له‌ ململانێى نه‌ته‌وه‌یى ناكه‌ن و به‌ توندیش دژى راده‌وه‌ستن و ته‌ئكیدیشى له‌ رۆڵى عه‌شیره‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كانى كرد له‌ چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفته‌كانى عیراق كه‌ خه‌ریكن هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كێتى یه‌ك ماڵى عیراقى ده‌كه‌ن .
هه‌روا ستایشى رۆڵى سه‌رۆك بارزانى له‌ بونیادنانى عیراقى نوێدا و داوایانكرد كه‌ هه‌مدیسان رۆڵى خۆى له‌ هێوركردنه‌وه‌ى ره‌وشه‌كه‌ ببینێ .
سه‌رۆك بارزانى وێراى ده‌ستخۆشى له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ و هه‌ڵوێستى جوامێرانه‌ى ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ ته‌ئكیدى له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌دایه‌ كه‌ كۆتایى به‌ كێشه‌و گیروگرفته‌كانى عیراق بێنێت دوور له‌ به‌كارهێنانى زمانى هێز و چه‌ك و پۆزه‌تیڤانه‌ش له‌گه‌ڵیاندا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كیش ململانێى نه‌ته‌وه‌یى له‌ عیراق ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

Bersiv :

Nêrîna te
Nav: