جیهاد له‌دژی سوپای عیراق
هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی پارێزگای ئه‌نبار داوای ڕاده‌ستكردنی بكوژانی ده‌ستدرێژییه چه‌كدارییه‌كه‌ی دوێنێ هه‌ینی ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وا جیهاد له‌دژی سوپای بڵاوه‌پێكراوه‌ی عیراق له‌پارێزگاكه راده‌گه‌یه‌نن.
كه‌ناڵی عه‌ره‌بییه بڵاویكرده‌وه: هۆز و عه‌شیره‌ته‌كانی پارێزگای ئه‌نبار ماوه‌ی حه‌وت رۆژیان دیاریكردووه بۆ ڕاده‌ستكردنی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی رۆژی هه‌ینی ته‌قه‌یان له‌خۆپیشانده‌رانی قه‌زای فه‌لوجه كردووه‌و رایانگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و داوایه‌یان جێبه‌جێ نه‌كرێت، جیهاد له‌دژی سوپای عیراق راده‌گه‌یه‌نن.
كه‌ناڵه‌كه له‌زاری ئه‌فسه‌رێكی سوپای عیراق بڵاویكرده‌وه: خۆپیشانده‌ران ده‌به‌ی ئاو و پێڵاویان گرتووه‌ته ئه‌و سه‌ربازانه‌ی به‌گولـله وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانیان داوه‌ته‌وه‌و ویستوویانه ئۆتۆمبیله سه‌ربازییه‌كانیان بسووتێنن.
هاوكات وه‌زیری به‌رگریی عیراق به‌وه‌كاله‌ت ئاشكرایكرد، لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌رووداوه‌كه پێكهێنراوه‌و یه‌كه‌كانی سوپای عیراقیش له‌ناوچه‌كانی فه‌لوجه پاشه‌كشه‌یان كردووه.
رۆژی هه‌ینی خۆپیشاندانی فراوان له‌شاره‌كانی ئه‌نبار و فه‌لوجه‌و ناوچه سوننه‌نشینه‌كانی دیكه به‌ناوی هه‌ینیی (پاشگه‌زبوونه‌وه‌نییه) سازكراو هێزه‌كانی سوپای عیراق به‌گولـله وه‌ڵامی خۆپیشانده‌رانیان دایه‌وه‌و 9 كه‌سیان كوشت و 60ی دیكه‌شیان برینداركرد.