بەشێك لە پەرلەمانتاران: ئۆپۆزسیۆن موزایەدە بە قووتی خەڵكەوە دەكات
بەشێك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكەن كە ئۆپۆزسیۆن موزایەدەی سیاسی بە قووتی خەڵكەوە دەكات و ئامانجی ئەوەیە بگاتە دەستەڵات.
پەرلەمانتاری پێشووی فڕاكسیۆنی گۆڕان عەبدولڕەحمان زاخۆیی كە ئێستا بە شێوەی سەربەخۆ كاری پەرلەمانتاری دەكات دەڵێت “ئۆپۆزسیۆن بودجە وەك هەنگاوێك بەرەو هەڵبژاردن سەیر دەكات.”
ئەو پەرلەمانتارە لەو بڕوایەدایە كە یادداشتەكەی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ پێڕەوی نێوخۆی پەرلەمان نەدەگونجا، بەڵام وەك موزایەدەیەكی سیاسی خستوویانەتە ڕوو.
زاخۆیی ڕەفتاری ئۆپۆزسیۆن بە دووفاقی دەزانێت و دەڵێت “ئەوان داوای بودجەی زیاتر بۆ وەبەرهێنان دەكەن و لە هەمان كاتیشدا باس لە زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران دەكەن.”
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بە سنوورداربوونی بودجەی هەرێم دەدات و دەڵێت “خەڵكیش پێویستی بە مووچەیە و كۆمپانیاكانیش ئەركیانە وەبەرهێنان بكەن.”
پەرلەمانی كوردستان لەسەر پەسەندكردنی بڕگە و ماددەكانی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوامە، بەڵام رێگرییەكانی ئۆپۆزسیۆن رەوتی پەسەندكردنی بودجەی خاو كردووە بە شێوەیەك كە پەسەندكردنی ماددەی پێنج كە لەسەر خەرجییەكانە، دوا كەوتووە.
بە گوتەی بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران راپۆرتی ئەمساڵی حكوومەت لەسەر بودجە پوختەتر و زانستیترە لە ساڵانی پێش خۆی و هاوكات ڕوونكردنەوەكانی وەزارەتی دارایی و پلاندانانیش لە ساڵانی پێشووتر كامڵترە، بەڵام بڕیاری پێشوەختەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ڕەشنیشاندانی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم بە گوتەی پەرلەمانتاری سەر بە فڕاكسیۆنی كوردستانی رێگەی گۆڕینی هەڵوێستی پێ نەهێشتبوون.
پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی كوردستانی عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت “كاری ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە بە خەڵك نیشان بدات، كە لەوەی دەنگیان بە دەستەڵات داوە هەڵەیان كردووە.” بەرواری گومانیشی لەوە هەیە كە هەڵوێستەكانی ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بن و پێی وایە بڕیاری كۆتایی لای خەڵكی كوردستانە.
هاوكات پەرلەمانتاری لیستی توركمانیی هەولێر شێردڵ تەحسین پێی وایە ئۆپۆزسیۆن بۆ گەییشتن بە دەستەڵاتی سیاسی هەموو كارێك دەكات و تەنانەت موزایەدە بە قووتی خەڵكیش دەكات. ئەو گوتیشی كە “بەداخەوە پێشوەخت دەمانزانی ئۆپۆزسیۆن چ هەڵوێستێكی بەرانبەر بودجە دەبێت.” لە ئێستایشدا بە گوتەی ئەو، هەموو رێگرییەك لە پەسەندكردنی بودجە دەكرێت. شێردل تەحسین دەڵێت “با ئۆپۆزسیۆن لە رێگە یاسایی و ئەخلاقییەكانەوە هەوڵ بۆ گەییشتن بە حكوومەت بدات و لە ئەرزی واقیع دروشمەكانی جێبەجێ بكات، نەك لە رووی كاغەز و بە دووفاقییەتەوە خەڵك چەواشە بكات.”