بایەخی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ رووسیا

0
59

سەردانی فەرمی سەرۆک بارزانی بۆ رووسیا، کۆمەڵێک رەهەند و بایەخی گرنگی تایبەتی و هەڵگری مەغزای گرنگ و ئاڕاستەی ستراتیژییە. 
ئەم سەردانەی سەرۆک بارزانی لە سەر بانگهێشتی دەوڵەتی رووسیا، کۆبوونەوە باڵاکان لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا و وەزیری دەرەوە و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی گازپرۆم و پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی و کۆنگرەی رۆژنامەوانی، ئاماژەی بایەخدان و گرنگی دەوڵەتی رووسیایە بە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو هاوکێشەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی لە رابەرایەتیکردنی گەیاندنی هەرێمی کوردستان بەم قۆناغ و پێگەیەی ئێستای و ئاڕاستەکردنی بۆ ئایندەیەکی گەشتر. 
ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، رووسیا، وێڕای ئەوەی کە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، بەڵام لە کۆمەڵێ بابەت و فایلی نێودەوڵەتیدا، ژمارەیەکی ئێجگار قورسی هاوکێشەکانە. لەوانەش، پرسی سوریا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رەهەند و لێکەوتە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی، کێبەركێی لەگەڵ ئەمریکا لە سەر گێڕانی رۆڵی یەکلاکەرەوە لە پاراستنی هەژموونی ستراتیژی لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤییەتی پێشوو، کشانی ناتۆ و پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران و ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەهاری عەرەبییەوە بۆ پاییزی جیهادییەکان و لێکەوتەکانی، پرسی کۆریای باکور، باڵادەستی چین لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی دارایی نێودەوڵەتی، جیاوازی بەشێکی گرنگی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئەندامانی ناتۆ لەگەڵ ئەمریکا بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا. لە هەریەک لەو بابەتە نێودەوڵەتییانە، بە بێ رووسیا، نەتوانراوە یان هەنگاوی پێویست بهاوێژرێ یان بڕیاری یەکلاکەرەوە درابیت. 
لەم روانگەیەوە، بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، کە درێژە بە سیاسەتی راست و دروستی خۆی بدات بەوەی کە دیپلۆماسیەتی فرەرەهەند Multi-Lateral Diplomacy بدات و لە روانگەی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد لە ناوچەکەدا و مسۆگەرکردنی ئایندەیەکی گەشتر، بازنەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی فراوانتر بکات. 
سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ رووسیا، ڕێک ئەڵقەیەکی دیکەی ئەو ستراتیژە سەرکەوتووەیەیە کە کورد، نە بووەتە بەشێک لە بازنەیەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دژ بە بازنە و پێکهاتەیەکی دیکەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و نە لە ئایندەشدا هەنگاوی وەها دەگرێتەبەر. ئەم سەردانە، جەختکردنەوەیە لە سەر گرتنە بەری کرانەوە Openness لە جوڵەی دیپلۆماسی و کارکردنە لە سەر جەختکردنەوە لە دەستخستنی بەرئەنجامی باش بۆپێشکەوتن و سەقامگیری کوردستان و پێشکەوتنی دۆزی نەتەوەیی کورد لە ناو جەرگەی رووداوەکانی ئێستاو ئایندەدا، ئەمەش بە مامەڵەکردنی هاوسەنگ لەگەڵ کارەکتەرە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان. 
ئەگەر بە وردی سەیری ناوەڕۆک و تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی دەوڵەتی رووسیا بکریت، هەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە بەرچاو دەکەون و بەرئەنجامەکانی ئایندەش زیاتر ئەو بابەتانەمان بۆ دەسەلمێنن. لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین و سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە و سەرۆکی کۆمپانیای گازپرۆم و سەرۆکی پەیمانگای رۆژهەڵاتناسیدا، لەسەر پرسی پێوەندی ئێستا و ئاییندەی هەرێمی کوردستان و رووسیا بە وردی قسە کراوە، ئاڵوگۆڕی بیروڕا و هەڵسەنگاندی دۆخی سوریا بە وردی کراوە و هەردوولا تێڕوانینی خۆیان بۆ رەوشی ئێستا و ئاڕاستەکانی ئایندەی کردوە، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردۆتەوە کە دەبێت گەلانی سوریا بۆ خۆیان بڕیار لە ئایندەی خۆیان بدەن و دەبێت لە هەر جۆرە چارەسەریەکی کێشەی سوریادا، پرسی کورد و مافی کورد لە سوریا چارەسەر بکرێت. راستە ئەم سەردانە یەکەم دیداری دیپلۆماسی لوتکەی نێوان کوردستان و رووسیایە، بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە، پەیبردنی رووسیایە بە رەهەندی ئاییندەیی گرنگی و بایەخی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی لە ناو هاوکێشەکانی ناوچەکەدا، بۆیە خوازیاری پەیوەندی درێژخایەنن، ئەوەتا، میللەری سەرۆکی گازپرۆم بە راشکاوی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا وتوویەتی «بە بایەخی زۆرەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەین و دەمانەوێت هاوکاری و شەراکەتی نێوان رووسیا و کوردستان زۆر درێژخایەن بێت». 
بە پێی هەندێ ناوەندی لێكۆڵەری گرنگ کە نزیکی بڕیارسازانی سیاسی ئەمریکان، ئەمریکاش گەشتۆتە باوەڕی ئەوەی کە چارەسەری دۆزی سوریا، دەبێت بە روسیا بکرێت، بۆیە جۆن کێری راسپێردراوە دیالۆگ و گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ رووسەکان بکات و ئەو چەمکەی کە جۆزیف بایدن لە پەیوەندی ئەمریکا و روسیا دایهێنا، RESET ئێستا دەچێتە بواری جێبەجێ کردن. 
بانگهێشتی فەرمی سەرۆک بارزانی بۆ مونتەدای داڤۆس و گەشتی ئەوروپای و ئێستاش سەردانی رەسمی بۆ روسیا، هەموو ئەمانە، ئاماژەی گرنگی ئومێدبەخشن بە سەنگینی پێگەی کورد لە ناوچەکە و سەرکەوتوویی سیاسەتی سەرۆک بارزانی لە ئیدارەکردنی مەلەفی دیپلۆماسی کوردستان.

(گولان)

Nerîna min :