بانگه‌وازێك له ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی یه‌وه
سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
– وه‌زاره‌تی ناوخۆ
– رێكخراوی UN
– رێكخراوه خێرخوازییه جیهانی و ناوخۆیه‌كان
– رای گشتی
تادێت ژیانی خه‌ڵكی وڵاتی سوریا به‌هۆی شه‌ڕ و كوشتاره‌وه ناله‌بارتر ده‌بێ، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌و وڵاته به ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و روو له وڵاتانی دراوسێ بكه‌ن.
هاوسنووری هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سوریا هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له (60) شه‌ست هه‌زار هاووڵاتی سوریا كه زۆربه‌یان كوردن، په‌نا بۆ هه‌رێمی كوردستان بهێنن، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به په‌رۆشه‌وه به ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵكه لێقه‌وماوه‌وه هاتووه و جگه‌له‌وه‌ی كامپێكی بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه له له پارێزگای دهۆك چێ كردووه، هاوزه‌مان پێداویستی سه‌ره‌تای به‌سه‌ردا دابه‌شكردووه و ده‌كات، له‌م رووه‌وه له گشت له‌و وڵاتانی دیكه‌ی هاوسنووری سوریا باشتربووه.
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاوه‌ڕوانی ژماره‌یه‌كی وا زۆری په‌نابه‌ری نه‌كردووه، هاوكات حكومه‌تی ناوه‌ندیش به هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاری په‌نابه‌رانی سوریای نه‌كردووه، بۆیه ده‌بینین ره‌وشی ژیانی په‌نابه‌رانی سوریا له ئاستی پێویست نییه و ئاڵۆزی په‌رته‌وازه‌ییان پێوه دیاره و به‌شێوه‌یه‌كی رێك‌وپێك ئۆرگانیزه نه‌كراون.
ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رێكخراوه بیانییه‌كان و UN له هه‌رێمی كوردستان وه‌كو پێویست به ده‌نگ په‌نابه‌رانی سوریاوه نه‌هاتوون و هه‌وڵی جدی نابينرێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كانی په‌نابه‌ران به‌تایبه‌تی له‌و وه‌رزه سارده‌ی زستاندا كه بێ ماڵ و حاڵ له ژێر خێوه‌تدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن، هه‌روه‌ها میدیا جیهانی و كوردییه‌كانیش نه‌یانتوانیوه رای گشتی له‌وباره‌یه‌وه بجوڵێنن به پیشاندانی ره‌وشی ناله‌باری ژیانی په‌نابه‌رانی سوریا له كامپ و شار‌و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
ئێمه وه‌كو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌و پێیه‌ی هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌می په‌ناهێنانی كوردانی رۆژئاوا بۆ هه‌رێمی كوردستان، هاوكاری و پێداویستی سه‌ره‌تایيمان به‌سه‌ریاندا دابه‌شكردووه، بۆیه زۆر له نزیكه‌وه ئاگاداری گوزه‌رانیان هه‌ین و بۆ رای گشتی رایده‌گه‌ێنین ئه‌گه‌ر بێت و به جدی به‌شێوه‌یه‌كی ئۆرگانیزه‌كراو ئاوڕ له په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستان نه‌درێته‌وه له بواری نیشته‌جێكردن و هاوكاریكردن و ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌دا، ئه‌وكات درێژه‌دان به ژیان بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه سه‌خت ده‌بێ و ده‌ره‌نجامی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
به‌مه‌به‌ستی هاوكاریكردن و باشتركردنی ژیانی په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستان، پێشنیار ده‌كه‌ین؛
1- وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ رێكخراوه لۆكاڵیه‌كان و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و UN كار بۆ ئۆرگانیزه‌كردنی ئه‌و هاوكاریانه بكات كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه بۆ په‌نابه‌رانی رۆژئاوای كوردستان كۆ
ده‌كرێنه‌وه و به‌شێوه‌ی یه‌كسان به‌سه‌ریاندا دابه‌ش بكرێ.
2- ڕای گشتی وڵاتانی خێرخواز بجوڵێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی په‌نابه‌ران به هه‌ند وه‌ربگرن و زیاتر هاوكاریان پێشكه‌ش بكه‌ن.
3- هه‌رچی زووه كار بۆ ئه‌وه بكرێت هاوكاری ره‌وانه‌ی ناوخۆی وڵاتی سوریا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌وێ كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر بكرێت و چیتر خه‌ڵكی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان ئاواره نه‌بن.
4- كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی له ده‌ورووبه‌ری شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌رته‌وازه بوون و نیشته‌جێكردنیان له كه‌مپێك یان چه‌ند كامپێكی شایسته و گونجاو‌دا.
له‌گه‌ڵ رێزماندا…
ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی