Referandum

ئیبراهیم: له‌ 2005 رای من و هەندێ لە برادەرانی مەكتەبی سیاسی ئەوەبوو كاك مەسعود خۆی هەڵنەبژێرێت

 ئیبراهیم: له‌ 2005 رای من و هەندێ لە برادەرانی مەكتەبی سیاسی  ئەوەبوو كاك مەسعود خۆی هەڵنەبژێرێت

هەڤپەیڤین: هیڤیدار ئەحمەد

رووداو: كۆمەڵێك كێشەی قووڵ لە عێراق و كوردستان هەن، پارتی ئێستا خەریكی چییە؟

جەعفەر ئیبراهیم: بۆ پارتی دۆخی ناوخۆ زۆر گرنگە، كە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناوخۆ دەكەین و بەرەو چ قۆناخێكی دەبەین، ئەمە زۆر گرنگە.

رووداو: ئەو بابەتە ناوخۆییانە چین كە پارتی پێیانەوە سەرقاڵە؟

جەعفەر ئیبراهیم: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. پارتی ئێستا سەرقاڵی ئەو بابەتانەیە، ئەمانە بۆ ئێمە زۆر گرنگن. كێشەكانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش چارەسەربكرێن، چونكە بەردەوامی كێشەكان رەنگدانەوەی خراپی دەبێ لەسەر كۆمەڵگەی كوردی.

رووداو: دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، سەرۆك و سەركردایەتی پارتی چەند جارێك سەردانی یەكێتییان كرد، ئایا هیچ ترسێك لە هەرێمی كوردستان هەیە بە غیابی تاڵەبانی؟

جەعفەر ئیبراهیم: مام جەلال لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش سەنگی خۆی هەیە، ئێستاش رۆڵی مام جەلال پێویستە بۆ هەرێمی كوردستان و بۆ بەغدا. یەكێتی هاوپەیمانێكی گرنگە بۆ پارتی و، ئەم هاوپەیمانێتییە بە گرنگ دەزانین . پارتی بەوشێوەیە تەماشای یەكێتی دەكات كە جێگیرییەك هەیە لەنێو سەركردایەتی یەكێتیدا. بە دووری مام جەلالیش دەتوانن رۆڵی خۆیان ببینن و هاوپەیمانی نێوان پارتی و یەكێتی بپارێزن. ئێمە چاوەڕێی مام جەلال بووین رۆڵێكی كاریگەر لە بەغدا ببینێ بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق. چونكە قۆڵتربوونی ئەو كێشانە كاردانەوەی خراپی دەبێ لەسەر هەرێمی كوردستان. ئێستا پەیوەندی نێوان سوننە و شیعە بەرەو شەڕی ناوخۆ دەچێ. نێوانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەسەر لێواری تەقینەوەدایە. راستە دانوستاندن هەن، بەڵام هیچ ئەنجامێكی كۆنكرێتیمان نییە، تائێستا لەشكركێشی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ ناوچە كێشە لەسەرەكان بەردەوامەو مەترسی زۆر هەن ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەشێوەیەكی زۆر خراپ بتەقنەوە.

رووداو: دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، یەكێتی چ چاوەڕوانییەكی لە پارتی هەبوو؟

جەعفەر ئیبراهیم: پێشتر هەردوولا قەیران و گرفتی خۆیان هەبووە، هەمووجار یەكێتی، كە تووشی قەیران بووە، پارتی هاوكاری بووە، كاتی خۆی كە بزووتنەوەی گۆڕان لێی جیابووەوە قسەی زۆركرا، كە دۆخی یەكێتی لەنێوخۆیدا خراپە و لە قەیراندایە. لەهەموو كاتێكی بەوشێوەیەدا یەكێتی بینیویەتی كە پارتی لەگەڵی بووە. پارتیش كە تووشی تەنگاوی دەبێ چاومان لە هاوپەیمانەكەیە، كە یەكێتییە لەگەڵ ئێمەدابێ. بۆیە هەر هەنگاوێك كە یەكێتی چاوەڕوانی دەكرد پارتی هاوێشتوویەتی و لەگەڵی بووە. سەردانە بەردەوامەكانی پارتی بۆ لای یەكێتی پەیامێكبوون بۆ قاعیدەی یەكێتی، هەر پەیامێك پێویستبوو بیگەێینین بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەیاندوومانە.

رووداو: ماوە ماوە باسی مەسەلەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئۆپۆزیسیۆن داوادەكات بگەڕێتەوە پەرلەمان . هەڵوێستی روون و یەكلاییانەی پارتی چییە؟

جەعفەر ئیبراهیم: پارتی پێیوایە ئەوە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، هەر یاسا و بڕیارێكیش پەرلەمان دەنگی لەسەردابێت ناگەڕێتەوە نێو پەرلەمان، ئەوە میكانزمی پەرلەمانیانەی خۆی هەیە و لە دەستی ئێمەدا نییە. دەستوور كاتی خۆی پەلەی لێنەكراوە، چەندین دانیشتن كراوە و رای خەڵك و رێكخراوەكان و پسپۆڕەكان لەسەری وەرگیراوە. بۆیە پێشێلكردنی ئەو میكانیزمانە بە دروست نازانین، بەڵكو هەڵەیەكی گەورەشە، كە میكانیزمەكان پێشێلبكرێن. برادەرانی گۆڕان تەنیا یەك رەخنەیان هەیە لەسەر پڕۆژەی دەستوور، كە ئەویش سیستەمی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك تێگەیشتوون كە ئەم سیستەمەی ئێستا هەیە سەرۆكایەتییە، بەڵام مەیدان كراوەیە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەر سیستەمێك، بەشێوەیەك دەستوور بچێ بۆ ریفراندۆم و تەوافوقی نیشتیمانی لەسەربێ. نامانەوێ بیبەین بۆ ریفراندۆم، كە نێوماڵی كورد دابەشبكات. دەبێ بزووتنەوەی گۆڕان پشووی درێژبێ، پشووەكەی بەشی ئەوە بكات تەوافوقە سیاسییەكان بەردەوامبن و دەستوورەكە هەمواربكرێ بەشێوەیەك نەك تەنیا ئەوەی گۆڕان دەیڵێ، بەڵكو رەنگە مادەی دیكەش هەبن قسەیان لەسەر بكرێت و پێویستە هەمواربكرێنەوە. ئێستا هێزە سیاسییەكان دەتوانن دابنیشن و بگەنە رێككەوتنێك ، كە پڕۆژەی ئێستای دەستوور بەشێوەیەكی تەوافوقیانە لە رێگەی فراكسیۆنەكانی نێو پەرلەمان هەموار بكرێت. ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانییە، ئێستا تێنەگەیشتنێك هەیە لەلایەن خەڵكانێك، كە مەبەستی سیاسی لە پشتەوە هەیە.

رووداو: پارتی دەستووری كوردستان دەگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان پێش ریفراندۆم یان نا؟

جەعفەر ئیبراهیم: بەوشێوەی ئێستا دەستوور ناگەڕێنێتەوە ناو پەرلەمان . بەڵام ئامادەین لە دەرەوەی پەرلەمان بەشێوەیەكی تەوافوقی گفتوگۆی لەسەر بكەین، چونكە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە دەستوور بگەڕێتەوە ناو پەرلەمان. لایەنەكان دەتوانن مولحەقێك لە رێگەی پەرلەمانەوە لە دەستوور زیاد بكەن، كە مولحەق و دەستوورەكە پێكەوە بچن بۆ ریفراندۆم. یانیش ئەوەی ئێستا هەیە بچێ بۆ ریفراندۆم بەمەرجێك تەوافوقی نیشتیمانی لەگەڵبێ و پارتی لەگەڵ ئەم رێگایەیە.

رووداو: پارتی ئەوە قبوڵدەكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت؟

جەعفەر ئیبراهیم: ئێمە لەگەڵ ئەوەین سەرۆكی هەرێمی كوردستان راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت، ئەمە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر پێویستە، چونكە بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن خەڵكەوە سیستەمەكە ناگۆڕێت . لە هەرێمی كوردستان سەرۆك وەزیر هەیە وەك دەسەڵاتی جێبەجێكار، نەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەمەش سیستەمەكە ناكرێتە سەرۆكایەتی. لە سیستەمی پەرلەمانیدا، سەرۆك بەرپرسیار نییە بەرامبەر پەرلەمان، ئەمە كێشەكەیە و تێنەگەیشتنیش لێرەیە، چونكە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كەمن. سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەركێ بێ نەك تەنیا كاك مەسعود، ئیعتیبارەكەی وازیاترە كە لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت.

رووداو: واتە پارتی بۆچوونی خۆی تەواو لەسەر ئەوە یەكلایی كردووەتەوە، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت؟

جەعفەر ئیبراهیم: بۆچوونی ئێمە ئەوەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە هەڵبژێردرێت. پارتی بۆچوونی خۆی ناسەپێنێ، بەڵام رێگە نادەینە هیچ لایەنێكیش بەمەنتقی ركابەرایەتی لەگەڵ پارتی، رای خۆی بسەپێنێ و پێماندەكرێ رێگە لە زۆر بۆچوونی چەوت بگرین ، هەر بۆچوونێك لەبەرژەوەندی هەموو خەڵكبێ، ئەگەر پێچەوانەی رای ئێمەشبێ، ئەوا هەوڵدەدەین قبوڵی بكەین.

رووداو: پارتی پێیوایە ئەوەی داوای گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی دەكات لە هەرێمی كوردستان، كە دەبێ سەرۆك لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت تەنیا بۆچوونی بزووتنەوەی گۆڕانە؟

جەعفەر ئیبراهیم: ئێمە دەڵێین ئەوە تەنیا بۆچوونی گۆڕانە، چونكە ئەوان ئەو بۆچوونەیان دروستكردووە و تەسویق كردووە، بەداخەوە قەناعەت بە خەڵكێكی دیكەش هێنراوە، مەسەلەكەش تەنیا یەك خاڵە ئەویش ئەوەیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێرن، نەك راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە. دەزانن تەنیا پارتی ئەو شانسەی هەیە كاندیدەكەی دەربچێت، ئەگەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت نەك پەرلەمان . بەڵام ئەگەر لەلایەن پەرلەمانەوەبێ ئەوا لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بە تەوافوق كاندیدیان دەبێ، ئەمە بۆچوونێكی هەڵەیە و ركابەرایەتییەكی زۆر هەڵەیە . لەوبڕوایەشداین كە گۆڕان لەو بۆچوونەی خۆی پەشیمان دەبێتەوە.

رووداو: مەسعود بارزانی جارێكی دیكە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاندید دەكاتەوە؟

جەعفەر ئیبراهیم: ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ كاك مەسعود خۆی، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مافی هەیە بۆ خولێكی دیكەش خۆی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو بابەتە لەنێو پارتی باسنەكراوە. لە 2005یش رای من و هەندێ لە برادەرانی مەكتەبی سیاسی پارتی ئەوەبوو جەنابی كاك مەسعود خۆی هەڵنەبژێرێت ، بەڕای من ئەگەر بارزانی نەمر بمابووایە ئەوا رۆژێك لە رۆژان هیچ پۆستێكی فەرمی وەرنەدەگرت، مەبەستم ئەوەنییە، كە لە پۆستەكان گەورەترە یان بچووكترە. بەڵام كاك مەسعود ئەزموون و فەلسەفەیەكی تایبەتی هەیە. بۆیە رەنگە ئەگەر ئێستا كاك مەسعود لەو پۆستەدا نەبووایە زۆر بە ئاسانی گرێی كێشەكانی كردبایەوە و دەستی زۆرتر دەڕۆیشت. بەڵام بەهەرحاڵ بڕیارەكە بۆ خودی جەنابی سەرۆك دەگەڕێتەوە. ئەگەر ئێستاش دوور لە مەسەلەی عیناد و كەللەڕەقی، بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دابنیشێ، دەبنە خاوەنی هەمان رای پارتی، چونكە بۆچوونی ئێمە راستە.

رووداو: لەدوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئێوە وەك پارتی راتانگەیاند كە ئامادەن هەڵبژاردنی گشتی لە هەرێمی كوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت ، ئێوە جدین لەم بابەتە یان تەنیا بۆ ئەوەیە چیتر لایەنەكان نەڵێن دەسەڵات لەگەڵ هەڵبژاردن نییە؟

جەعفەر ئیبراهیم: كە ئێمە شتێك دەڵێین بە قەناعەتەوە دەیڵێین، هەڵبژاردنی پارێزگاكان دواكەوت و هۆكارەكەش پارتی نەبووە، دەتوانین لەورووەشەوە بەرگری لە خۆمان بكەین. ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە زووترین كات ئەم بابەتە یەكلایی بكرێتەوە، داوامان لە حكومەت كردووە وادەیەك بۆ ئەم هەڵبژاردنە دیاریبكات و دەمانەوێ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدەین.

رووداو: دەتانەوێ لە 2013دا هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەموویان بكەن؟

جەعفەر ئیبراهیم: ئێمە لەگەڵ ئەوەین لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكرێت، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەوادەی خۆیدا بكرێت . راستە جاری رابردوو لە 25ی مانگی تەمموزی 2009 كرا، بەڵام دانیشتنی پەرلەمان لەكۆتایی مانگی هەشت بووە و لەوكاتەوە هەژمار دەكرێت . رای ئێمەش ئەوەیە لە هەفتەی یەكەمی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكرێت. ئەمە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كاتەكە دیاری بكات و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش ئەو وادەیە هەڵدەبژێرێت. بۆیە پارتی موجامەلە ناكات و دەبێ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت و لایەنەكانی دیكەش ئامادەبن، هەر هێزێك بڵێ ئامادەنیم، ئەوە كەموكوڕییە بۆ ئەو لایەنە.

رووداو: پارتی هیچ ئامادەكارییەكی كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان؟

جەعفەر ئیبراهیم: بەڵێ هەر لە ئێستاوە خۆمان بۆ هەردوو هەڵبژاردن ئامادەكردووە، بەتایبەتی ئێستا بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانەوە سەرقاڵین و لیژنەمان دروستكردووەو راهێنان دەكەین.

رووداو: پارتی لەگەڵ یەكێتی دادەبەزێت؟

جەعفەر ئیبراهیم: هێشتا ئەو بابەتە ماوە و یەكلایی نەكراوەتەوە، لەگەڵ برادەرانی یەكێتی جارێكی دیكە لەسەر ئەو بابەتە دادەنیشین.

رووداو: مام جەلال لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانێ ببێتەوە سەرۆك كۆمار، ئایا دابەشكردنی پۆستەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ یەكێتی چۆن دەبێ، بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبێ؟

جەعفەر ئیبراهیم: ئێستا قسە لەسەر ئەو بابەتە ناكەین

رووداو: ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بەپێی لێكدانەوەی ئێوە پارتی چەند كورسی دێنێت؟

جەعفەر ئیبراهیم: پارتی 40 كورسی بەدەستدێنێ، ئەگەر بەتەنیا دابەزێت.

رووداو: ئەوە تەنیا پێشبینییە؟

جەعفەر ئیبراهیم: نەخێر پارتی زۆر بە ئاسانی 40 كورسی دەهێنێ، بەپێی راپرسی و ئامارەكانی ئێمە لەوە زیاتر بەدەستدێنین، بەڵام ئێمە دامانناوە لە 100 كورسی 40 كورسی لە پەرلەمانی كوردستان بەدەستبێنین.

رووداو: یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ چەند دێنن؟

جەعفەر ئیبراهیم: یەكێتی شانسی باشە 25 كورسی دەهێنێ، گۆڕان لە نێوان 15-18 كورسی دەبات، یەكگرتوو دۆخی باشترە 10 كورسی و كۆمەڵی ئیسلامیش 5-6 كورسی دەبات.

رووداو: ئەگەر لە دوای تاڵەبانی خەڵكانێك لەنێو یەكێتی بێنە نێو پارتی وەریاندەگرن؟

جەعفەر ئیبراهیم: ئێمە باسی دابەشبوون و لاوازی یەكێتی ناكەین، پێشمان خۆش نییە كەس باسی ئەوە بكات، ئێمە لەڕووی ئەخلاقییەوە بە باشی نازانین لەسەر هاوپەیمانی خۆمان قسە بكەین، تەنانەت لەسەر ركابەرەكانی خۆمانیش بەهەمانشێوە. بۆ ئەم بابەتە لەنێوان پارتی و یەكێتی میكانیزمێكمان داناوە و ئاشكرای ناكەین چۆنە. شتێكی وامان كردووە كە هەردوولا رێككەوتووین لەسەر ئەو بابەتە.

رووداو: پەیوەندی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان لە چ ئاستێكدایە؟

جەعفەر ئیبراهیم: پەیوەندی گۆڕان لەگەڵ پارتی جێگیر نییە، هەوراز و نشێوی تێدایە، زۆر هەوڵمانداوە، بەڵام جێگیر نەبووە. گۆڕان سیاسەتی گوشار و شەڕی سایكۆلۆژی دژی پارتی پەیڕەو دەكات و تۆمەت بۆ پارتی هەڵدەبەستێت، ئێمە ئەمە هەموو بە هەڵە دەزانین و كاریگەری دەكاتە سەر پەیوەندی نێوان گۆڕان و پارتی. گۆڕان كە هەویرەكە دەكاتە نان مامەڵەی خراپ دەكەن و هەویرەكە ناكەنە نان . پێشبینی ئێمە بۆ گۆڕان زۆر لەوە گەورەتربوو كە داماننابوو. هەموو شتێك بە خوێ و خوێش بە مانا.

Back to top button