سەلاح مەجیدپوور: گۆڕان لە فەرهەنگ و رەوانی کۆمەڵگە بەشێک لە مەشغەڵەی رێبەرانی کۆماری کوردستان بوو

ئاژانسی کوردپا لە ٦٧مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان و بەمەبەستی تیشک خستنەسەر دۆخی سیاسی و فەرهەنگی ئەو کات و هەروەها رۆڵ و کەسایەتی پیشەوا قازی محەممەد لەو کۆمارەدا، دیمانەیەکی تایبەتیی لەگەڵ سەلاح مەجیدپوور پێکهێناوە.

 

سەلاح مەجیدپوور بەم شیوەیە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی کوردپای دایەوە:

 

کوردپا: كۆماری كوردستان وەك یەكەیەی سیاسی ـ نەتەوەیی لە بەشێكی خاكی ئێران و بۆ دابین بوونی مافەكانی خەڵكی كوردستان دامەزرا، بەدەر لە كاركتێرەكانی ئەو یەكەیە، كۆماری كوردستان لەسەر چ ئاخێو( Discourse)ێكی نەتەوەیی پێداگری و بانگەشەی دەكرد؟

 

 

سەلاح مەجیدپوور: کۆماری کوردستان لە ماوەیەکی کورتدا بە ئیمکاناتێکی زۆر کەمی مادی و مەعنەوییەوە ئەرکی بەسەرئەنجام گەیاندنی “پرۆسە” یەکی سیاسی وچەند پرۆژەیەکی نەتەوەیی گرتبوە ئەستۆ. گوتاری رێبەری کۆمار دو لایەنی دەرەکی و ناوخۆی هەبووە.

لایەنی دەرکی گوتاری کۆمار لە خەزمەت ستراتێژی تەبدیلی مەترسی بە هەل و فورسەت دابوو، ئەگەر لە سەر هێلی زەمان، روداوەکانی ئەو سەردەم لە پەنا یەک ریز بکەیین، بۆمان دەردەکەوێت کە یارمەتیدان بە مانەوەی پاشماوەی دەستەلاتی پاشاێتی لە کوردستان و یان بوون بە بەشێک لە کۆماری ئازەربایجان دوو مەترسی مەزن لە سەر کورد بوون. ریبەراێتی کۆمار قورسای گوتاری نەتەوەی لە هەڵسوکەت لە گەڵ ئەو مەترسیانە بە لەسەرەخۆیی و دانبەخۆداگرتن هەتا یەکلابوونەوی هەڵوێستی زەلهێزەکان وەدواخست.

 

هەنگاوی سوڤییەت بۆ تێرکردنی حەز و ئیشتای بۆ وەدەست خەستنی مەیدانە نەوتییەکانی باکووری ئێران و دامەزرانی فیرقە دێموکراتی ئازەربایجان، بوون بە واقیعێک کە بایەخی ژئۆئیستراتژیکی کوردستان لە سیاسەتی ناوچەکەدا بردە سەر. سەرانی کۆمار لە ئاواتەکانی سۆڤییەت تێدەگەن،و لەهەمان کاتێشدا لە تەمای لایەنی ئازەریش بۆ چەساندەنی کوردستان بە ئازەبایجانەوە ئاگادار دەبن.

 

کە ئەوەی ئاخریان بۆ رێبەرانی داهاتووی کۆمار جێگا باس و دانوستان نەبوو. لێرە دایە کە سۆڤییەت ترسی بۆ هاتنە دی سناریوی هاوکارێکی نیوان کورد و هێزەکانی رۆژاوا( ئینگلیسەکان) رێدەکەوێت، هەر لە بر ئەوەش رازی بە هاوکاری دەبێت بۆ دامەزاران و هاوکاری کۆمار لە داهاتوو دا. بەو شێوەیە کە سەرۆکاێتی کورد لە قورسایی خۆی تێدەگات و مەترسییەکە دەکاتە هەلێکی زێڕین کە ئێستاش هەموو کورد شانازی پێوە دەکات.

 

 

گوتاری روبە ناوخۆی کۆمار چەند لایەنە و لە هەمان کات گەلێک گرینگە، بەشێکی ئەو گوتارە لە جەهەتی مەهاری مەترسییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگای کوردیدا بوو. هەر بۆیە گۆڕان لە فەرهەنگ و رەوانی کۆمەڵگا بەشێک لە مەشغەڵەی گەورەی رێبەرانی کۆمار بە گشتی و شەخسی پێشەوا بە تایبەتی بوو.

چاوخشاندنێك بە وتارەکانی پێشەوا ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئەولەوێتێکی دیکەی سیاسەتی ناوخۆیی کۆمار ڕوی لە فەرهەنگی توێژێکی دەستەڵاتداری کۆمەڵگای کوردستانە ( ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکان)، کە لەو سەردەم دا (بالفعل)و یان لە داهاتوودا (بالقوە) پوتانسێلی راوەستان لە بەرامبەر کۆماریێان تێدا هەبوو و هەستی متمانە بە خۆی کوردانەیان زۆر لە خوارەوە بوو. گوتاری کۆمار بە شێوەیەکی زۆر بە کار و بەرهەمدار توانی هەر چەند کاتییش بێت، توانای بەشیکی زۆر لە ئاغا و سەرۆک هۆزەکان بە قازانجی کۆمار وەگەڕ بخات و لە مەهاری هەلسوکەوتەکانیاندا بە دژی کۆمار سەرکەتووبوو.

 

بەشێکیتری سیاسەتی کۆمار ڕوی لەباشترکردنی ژیانی رۆژانەی خەڵک بوو وەک ئاستی ریفاە، فیرکردن و بارهێنان و قانوونمەند کردەنی کۆمەڵگا ، هەموو ئەوانە بەرهەمی دەزگا و ئەنستیتوتی مۆدیرن وەک حیزب و دەوڵەت بوون. بەڵام کۆمەڵگا خاوەنی توانایی مادی و هێزی کاری پسپۆر پێویست نەبوو کە بتوانێت ئەم سیاسەتانە بەرێتە پێشەوە. ئەوەی نابێ لێرەدا لە یاد بچێت فاکتەری زەمانە کە بۆ کۆماری زۆری بە بەرەوە نەبوو.

 

کوردپا: فاكتۆرگەلێك لە كۆماری كوردستاندا هەیە كە كورد سەرباری ئەزموونی حكوومەتی شێخ مەحموود لە پێش كۆمار و حكوومەتی هەرێم لە دوای كۆماردا، ئەو ئەزموونە بە بنەمایەكی پتەو و گشتگیری بۆ خەباتی نەتەوەیی ــ دێمۆكراتیكی خۆی دەزانێت؟

 

سەلاح مەجیدپوور: دەوڵەتی شیخ مەحموود، کۆماری کوردستان و حەکوومەتی هەرێم سێ پرۆژەی جیاوازن کە بەرهەمی یەک پرۆسەن. بەڵام ئەلیمەنتەکانیی وەک : ڕیبەرایەتێکی دەروەست، شەفافێتی سیاسی و کراوەبوون ئەو ڕێبەرایەتییە روو لە کۆمەڵگا(extrovert) و نزاهەتی کۆمەڵایەتی ئەو تایبەتمەندیانەی کۆمارن کە ئەویان لە هەردوو تەجروبەکانی پێش و پاش خۆی جیا دەکردەوە. سەرجەمی دیاردەی کۆمار لە چوارچێوەیەکی مەحدوودی ئێمکانی دا بەرێوە براون و کەمترین پشتیوانی مادی و سیاسی دەرەکییان لە پەشت بووە.

 

کوردپا: كۆماری كوردستان بۆ ئەو ناوچانەی كە غەیرە كوردی لێ نیشتەجێ بوون چ میكانیزمێكی دیاریكراوی بۆ ئەو خەڵكە و حكوومەتی ئازەربایجان وەك داكۆكیكاری ئەوە خەڵكانە هەبوو؟

 

سەلەح مەجیدپوور: هەڵسوکەوتی کۆمار دەگەڵ غەیرە کوردەکان بە گشتی، کە لە ناوچەی ژێر دەستەڵاتی کۆماردا دەژییان لە سەر بنچینەی بەرامبەری کۆمەڵاێەتی دامەزاربوو، بۆ وێنە خوێندن بۆ هەموو دانیشتوانی جوغرافیای کۆمار ئیجباری بوو، بەڵام کەمینە دینی و میللییەکانی دانیشتووی کوردستان ئازاد بوون لە خوێندن بە زمانی دایکیان .

 

 

پێوەندی نێوان کوردان و ئازەربایجانیەکان لە سەر بناخەی ئەو سیاسەتە دامەزرابوو کە لە بەندی شەشی بەرنامەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و پەیمانی نێوان کوردستان و ئازەربایجان (٣ بانەمەڕی ١٣٢٥)دامەزرابوو. جێبەجێکردنی ناوئاخنی ئەو پەیمانە دەبوو هەردو کۆمار لە بەرامبەر مەترسی دەرەکی و کێشەکانی نیوان دو نەتەوە دا بیمە بکات.

میکانیزمی جێ بەجێکردەنی ئەو پەیمانە لە سەر بناخەی زۆرینەی حەشیمەتی کورد یان ئازەری دیاری کرابوو ، و هەتا تێک شکانی کۆمارەکان کاری پـێدەکرا، بەڵام زۆریش سەرکەتوو نەبوو. لە شارەکانی ورمێ، خۆی، سەلماس، و میاندواو کە لە ژێر دەستەڵاتی حکومەتی ئازەربایجان دابوو کۆمار نوێنەری هەبوو، کە زۆرتر بە نوێنەری حیزب دەناسران. راستیەکانی ئەو سەردەم ئەوە دەردەخەن کە پێوەندی کورد و ئازەریەکان لە سەردەمی کۆماردا لە چاو هەموو مێژووی هەر دو نەتەوەدا خاوەنی کەمترین تێکهەڵچوون و دوژمناێتی بووە و تا رادەیەکی زۆریش هاوەدەنگی و بە دەنگ یەکەوە هاتنی تێدا بووە.

 

کوردپا: كەسایەتی قازی محەممەد لە دەرەوەی سەركۆماری چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 

سەلاح مەجیدپوور: پێشەوا مرۆڤێکی زانا، ڕۆشنبیر، قانوونناس و کاتالیزاتۆرێکی کاریگەر بوو بۆ کێشەکانی توێژکانی کۆمەڵگا و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان.

 

 

خوێندنەوەی کەساێتی پێشەوا لە ژێر تیشکی وتە و کردارەکانی لە ماوەی ژیانی دا نیشاندەری ئەو راستیە کە ئەو بە کاراکتەری رێبەر لە دایك بووە و سەرۆکێکی مادرزاد بووە. ئەوە توانای مادی و پێگەی بنەماڵەی نەبوون کە ئەویان کرد بە ئەو پێاوە کە مۆرکی خۆی لە مێژو بدات. دید و روانینێ بەربڵاو(همە جانبەنگر)، قووڵبینی و ناسێنی باشی کۆمەڵگاکەی لە ئەو توانایە سروشتیێانەن کە پێشەوایان وەکوو ستراتژیستێکی کەم وێنەی کورد بە نەسلەکانی داهاتوو دەناسێنێ. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە پێشەوا یەکێک لەو ریبەرە کەم وێنانەی ناوچەیە کە پاردایم ساز بووە. ئەو لەو سەردەمەدا بە هەموو بێ دەرتانییەکانیەوە لە فێکری تێگەیشتن لەپێوەندییە نێونەتەوەییەکان دابووە ، بۆ جێکردنەوەی کێشەی کوردی لە رۆژەڤی هێزە جیهانی وناوچەیەکاندا. لە هەمان کاتدا بەرپرساێتی خۆشی لەم پرۆسەیەدا زانیوە و کاری بۆ کردوە.

 

هەدەفمەند کارکردن تایبەتمەندیەكی‌تری پێشەوایە، ئەو بە کردەوەی کایگەر و لە جێی خۆیدا وای کردوە کە بتوانێ لەماوەێکی کەمدا مەقبوولیەتێکی کۆمەڵاێتی وەها بۆخۆی وەک رێبەر دروست بکات کە خەڵک ” بەیعەتی ” دەگەڵ بکەن. ئەوەش نیشاندەری ئەو پەڕی متمانەی مەعنەوی خەڵک بە جەنابیێان بووە. پێشەوا پیاوی خوڵقاندنی گۆڕانکاری لە هیرەمی قودرەتی کوردستان و داڕشتنەوەی دووبارەی ئەو هیرەمەیە. پێشەوا سەرۆکێکی خاوەن رادەیەکی بەرز لە قەبووڵی ریسک و مەترسی بوو لە گەیشتن بە مەبەستەکانیدا، لە هەمان کاتیشدا مرۆڤیک بوو بە دونیایەک ئیعتدالەوە، ئامادە بوو لە رێ وەدستهێنانی مەبەستەکانی لە گەڵ هەموو لایەک دابنیشێ وقەبووڵی هەموو بەرپرساێتی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان بکات.

پێشەوا بە ئەندازەی کۆمەڵناسیک تاروپۆی کۆمەڵگای کوردی ناسیوە و هەر ئەو تێگەیشتنە بۆتە هۆی ئەوە کە بە تەحموول و تۆلەرانسێکی زۆرەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە توانای ئیقناعی، کۆمەڵگا بەرەو ریفۆرم و گۆران لە موناسباتی ناوخۆیدا بەرێت.

 

کورددپا: لەم رۆژانەدا 67مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی كۆماری كوردستانە، ئێوە چ لادانێك و چەواشەكارییەك لە لێكدانەوە و ڕاڤەی سیاسی و مێژوویی كۆماری كوردستاندا هەست پێدەكەن كە ئەمڕۆ بو مەبەستی تایبەتی دەكرێن؟

 

سەلەح مەجیدپوور: ئەوە کە لە رۆژگاری ئەمرۆدا لە هەموو کوردستان دا یادی دامەزراندەنی کۆمار دەکرێت، دەبێ وەک هەنگاوێکی موسبەت و چوونەسەری رادەی هوشیاری نەتەوەی ببینین. ئیتر کۆمار لە موڵک و قەوارەی رێکخستنی و ناوچەیی هاتۆتەدەر. سالەکانی ٦٠هەتاویی زۆر رێکخستنی چەپی ئێرانی و کوردستانی یادی کۆماریان دەکردەوە بۆ ناحەزکردنی ئەو کۆمارە، کەچی ئێستا بە خۆشێوە ئەو باوە ناحەزە نەماوە.

 

 

کۆمار وەک بەشێک لە مێژوی رابردوی نە زۆر دووری ئێمە، هەنووکە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، ئەوەی جێگای سرنجە بەشی زۆری خوێندنەوەکان خاوەنی بناخەیەکی زانستی (لە باری ناوەرۆک و مێتودلۆژی) نین، بەڵکوو تەفسیر و گێرانەوە لە ڕوانگە رێکخستنێک یان تاکێکن. بە کورتی کۆمار دەکرێتە کەرەسەی شەڕی ئەو ڕۆی ناوبەری رێکخستنەکانی کوردی. درێژپێدانی ئەم رەوتە دەبێتە هۆی ئەوە کە بەرچاوی نەسلی داهاتوو ڵێڵ و تەماوی بێت، و لە ئاکام دا کۆمارلە مێشکی نەسلی داهاتوو دا وایی لێ بەسەر بێت کە کەس خۆی لێ بە سیحەب نەکات. ئەرکی هەموو بیرمەندانی کورد و سیاسەتمەدارانی بە دەروەست ئەوەیە کە خۆ لە تەفسیری(Interpretation) کۆمار بپارێزن و لایەنی تەحلیلی(Analysis) ئەو دیاردە پر بایخەی مێژووی کورد بە هێز بکەن. بۆ ئەو مەبەستەش کۆمارە بەڵگە و کەرسەی زۆر بەنرخ و سەرەنجڕاکێشی بۆ بەجێ هێشتوویین کە سەرچاوەیەک مەزنن بۆ توێژینەوە زانستی.

 

سەلاح مەجیدپوور ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٤٢ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دوانوەندیی لە شارەکانی بۆکان و مەهاباد تێپەڕ کردووە و پاشان لە دەرەوەی وڵات خوێندن تەکنیکی لە بواری بەرهەم هێنانی وزەدا تەواو کردووە و دواتر خوێندنی باڵای لە رشتەی مودیرییەتی بازرگانیدا بە کۆتایی گەیاندووە.

Nerîna min :