ڕۆڵی ئیسرائیل له سوریا
ڕۆڵی ئیسرائیل له‌سوریا
عبد الرحمن الراش
جه‌نگ له سوریا، به‌خه‌مێكی ئیسڕائیلیش داده‌نرێت، ڕه‌نگه ده‌ره‌نجامه ترسناكه‌كانی بۆ ئیسڕائیل له شه‌ڕی 1973 كه‌متر نه‌بێت. كه‌وتنی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د ڕه‌نگه ببێته هۆی گۆڕینی نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه و ببێته مه‌ترسییه‌كیش بۆ ئه‌و هاوسه‌نگی هێزه‌ی كه له‌دوای شه‌ڕی 1973 هێنرایه ئاراوه به‌سه‌رپه‌رشتی هنری كسنجه‌ر له‌نێوان سه‌رۆك حافز ئه‌سه‌د و ئیسڕائیل دا.
سوریا به دووه‌مین وڵات داده‌نرێت له دوای میسڕ كه سنورێكی به‌رفراونی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل دا، سه‌رباری ئه‌و ئارامییه‌ش كه باڵی به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كانی جۆلاندا كێشاوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سوریا تاكه وڵاته كه تا ئێستا واژۆی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتن نامه‌ی ئاشتی نه‌كردووه به‌و پێ یه‌ی كه لوبنان به شێكه له بڕیاری سوریا و ته‌نها وڵاته كه‌بڕێكی زۆر چه‌كی كیمیایی و بایۆلۆجی هه‌یه.
له یه‌كه‌مین ساڵی شۆڕشه‌كه‌ی سوریا، ئیسڕائیلییه‌كان باوه‌ڕیان به كه‌وتنی ڕژێمه ئاسنینه‌كه‌ی ئه‌سه‌د نه‌بوو، به‌ڵام له سه‌ره‌تای ساڵی ڕابردووه‌وه باوه‌ڕیان به‌وه هێناوه كه ئه‌سه‌د به دڵنیاییه‌وه ئه‌كه‌وێت. به‌كه‌وتنی ئه‌سه‌د، ئیسڕائیلییه‌كانیش دوژمنێكی هۆشیار و پاسه‌وانێكی جێگه‌ی باوه‌ڕیان له‌ده‌ست ده‌چێت، به‌ڵام به‌ئه‌ندازه‌ی ترسه‌كه‌شیان تا دێت زیاتر حه‌ز ئه‌كه‌ن كه ڕۆڵیان هه‌بێت له كۆتایی ئه‌و شۆڕشه.
به كه‌وتنی ئه‌سه‌د، ئیسڕائیل له نادیار ئه‌ترسێت، بێ گومان ئیسڕائیل زیاتر له چاو گشت لایه‌نه‌كانی دیكه، ڕۆژانه له به‌ره‌كانی جه‌نگدا چاودێری دۆخه‌كه ئه‌كات. نیگه‌رانی ئیسڕائیلیش پاساوی هه‌یه، له‌و كاته‌دا نه‌بێت كه هه‌وڵی ئه‌وه بدات له سنوری خۆی زیادتر بڕوات و دووباره نه‌خشه‌ی سوریا دابڕێژێته‌وه.
پێموانی یه هه‌ڵه بم گه‌ر بڵێم ئیسڕائیل پشتگیری بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵَه‌تێك ده‌كات بۆ عه‌له‌وییه‌كان له‌سه‌ر كه‌ناره‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست به‌و پێیه‌ی كه‌ئێستا ئه‌سه‌د كاری بۆ ئه‌كات، هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌ته بچوكه‌كانی دیكه‌ی دونیا. ئه‌ڵبه‌ته ئیسڕائیل هیچ خۆی له قه‌ره‌ی دروست بوونی شه‌ڕی ناوخۆ نادات له سوریا گه‌ر خۆی ئاگره‌كه خۆش نه‌كات، وه‌ئه‌گه‌ر ئه‌سه‌د هه‌وڵ بدات به‌شێك له وڵاته‌كه جیابكاته‌وه، هیچ به‌دوور نازانرێت كه شه‌ڕ له نێوان براكاندا ڕوو بدات.
ئیسڕائیلیش به‌رژه‌وه‌ندی هه‌یه له‌وه‌دا كه دراوسێكانی به شه‌ڕی ناوخۆوه خه‌ریك بن و سوریاش دابه‌ش بێت به سه‌ر چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌ی كوردی و عه‌له‌وی و مه‌سیحی و دورزی و سونی دا. به‌ڵام ئایا ئیسڕائیل له بونی ئه‌لقاعید ناترسێت له سوریایه‌كی له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شاودا؟ خودی بیرۆكه‌كه ترسناكه، به‌ڵام به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی كه ئه‌لقاعیده جێگه‌ی مه‌ترسی یه بۆ ڕۆژئاوا، هێنده جێگه‌ی مه‌ترسی نی یه بۆ ئیسڕائیل، ئه‌م ڕێكخراوه هه‌وڵی داوه خۆی به‌دوور بگرێت له ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسڕائیل دا سه‌رباری بوونی نیشاندانی دژایه‌تی بۆ سه‌ر ئیسڕائیل له بڵاوكراوه‌كانی ئه‌لقاعیده دا.
ئیسڕائیل ده‌زانێت كه نه حزب الله و نه ئه‌لقاعیده و نه‌حه‌ماس و نه هیچ كام له‌گروپه فه‌ڵه‌ستینییه‌كان وه‌ك ئه‌بو نیزاڵ و به‌ره‌ی میللی ناتوانن مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی ئیسڕائیل دروست بكه‌ن، تێكڕای ئه‌م ڕێكخراوانه سه‌رچاوه‌ی جاڕسكه‌ر بوون بۆ ئیسڕائیل، به‌ڵام هه‌میشه هاوسه‌نگی هێز له به‌رژه‌وه‌ندی ئیسرائیل دا بووه و هه‌میشه‌ش له شه‌ڕ دا براوه بووه. هه‌ره‌وه‌ها ئیسڕائیل سنوره‌كانی خۆی به‌هێز تر كردووه به دروست كردنی دیوارێكی به‌ربه‌ستی درێژ كه توانیویه‌تی كه‌ناره‌كانی خۆرئاوا جیابكاته‌وه و به‌نیازه دیوارێكی دیكه هاوشێوه له‌سه‌ر سنوره‌كانی میسڕ و به‌رزاییه‌كانی جۆلان دروست بكات.
سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ئیسرائیل له سوریا ، هیچ زانیارییه‌ك له‌به‌ر ده‌ستدا نی یه، به‌ڵام ئێمه ئه‌زانین كه ئه‌مه مه‌ترسی دارترین شه‌ڕه كه له‌سه‌ر سنوره‌كانی ئیسڕائیل ڕووبدات و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ئاسایشه‌كه‌یه‌وه هه‌یه و ڕێگه‌شی تێناچێت كه ڕۆڵی نه‌بێت. تا ئێستا له‌و باره‌وه كه‌م وتراوه، شیمون بێریز دوای ئه‌وه‌ی كه‌له سه‌ردانێكی ڕوسیا گه‌ڕایه‌وه جارێك وتی كه ئه‌وان دژی ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ناردنی هێزی عه‌ره‌بین بۆ چه‌سپاندنی ئاشتی ! ئه‌ڵبه‌ته بیریز ئه‌زانێت كه ئه‌گه‌ر بێت و هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی بێته ناو سوریاوه له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك دا ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ئه‌ڕوخێت، به‌ڵام هاتنی هێزی عه‌ره‌بی هۆكار ئه‌بێت بۆ درێژ بوونه‌وه‌ی جه‌نگ بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی دیكه. ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌یه‌كه‌ی بێ‌مانا بوو كه كۆمه‌ڵه‌ی وڵاته عه‌ره‌بی یه‌كان بانگه‌شه‌ی بۆكرد به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه ڕون بكاته‌وه كه چۆن هێزی عه‌ره‌بی ده‌نێرێت و ئه‌و هێزانه كێن؟
پێم وابێت ئیسڕائیل توانیویه‌تی كه كار بكاته سه‌ر بۆچونی ڕۆژئاوا و ڕوسیا له‌سه‌ر چۆنیه‌تی مامه‌ڵه كردنیان له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كانی سوریادا و به گشتیش بایه‌خ پێدانیان كه‌متر بۆته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌كانیشیان له ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ڕووی له‌كه‌می كردووه. ئیسڕائیلییه‌كان چوار ئه‌گه‌ریان بۆ كۆتایی مه‌رگه‌ساتی سوریا پێشبینی كردووه:
ئه‌گه‌ری یه‌كه‌م: كه‌وتنی ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د و دروست بونی ده‌وڵه‌تێكی جێگره‌وه‌ی ماندو له‌سه‌ر خاكێكی سوتێنراو.
ئه‌گه‌ری دووه‌م: كه‌وتنی ڕژێم و به‌رده‌وام بوونی شه‌ڕی ناوخۆ به بێ بوونی ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی به‌هێز هه‌ر وه‌ك سۆماڵ.
ئه‌گه‌ری سێهه‌م: هه‌ڵهاتنی ئه‌سه‌د و ده‌ست وپێوه‌نده‌كه‌ی بۆ كه‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و جیابونه‌وه و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی عه‌له‌وی و ده‌ره‌نجام به‌رده‌وام بوونی شه‌ڕ له نێوان سوری یه‌كاندا.
ئه‌گه‌ری چواره‌م: ئه‌گه‌رێكی لاوازه … كه دۆخه‌كه چۆنه هه‌روا بمێنێته‌وه ، ئه‌سه‌د له دیمه‌شق ده‌بێت و ئۆپۆزسیۆنیش شه‌ڕی ده‌كات و تاماوه‌یه‌كی زۆریش ئه‌م دۆخه به‌م شێوه‌یه ده‌مێنێته‌وه.
تێكڕای ئه‌م ئه‌گه‌رانه خزمه‌ت به ئیسڕائیل ئه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه خزمه‌تی به به‌رژه‌وندی ئیسڕائیل نه‌ده‌كرد بریتی بوو له‌وه‌ی كه به‌ر له ساڵێك هێزێكی نێو ده‌وڵه‌تی بهاتایه‌ته ناوه‌وه و ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌دی بڕوخاندایه و ڕژێمێكی نوێی دروست بكرادایه له سه‌ر بنه‌ماكانی دیموكراسی و پشتگیری یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌ده‌ست بهێنرایه. ئیسڕائیل ئه‌یزانی كه ئه‌مه سوریای دراوسێی به‌هێزتر ئه‌كات، دانیشتوانه‌كه‌ی سێ ئه‌وه‌نده‌ی دانیشتوانی ئیسڕائیله و ئه‌و ڕژێمه‌ش كه داده‌مه‌زرا ڕژێمێكی میللی ڕاسته‌قینه ده‌بوو.
سه‌رچاوه/ الشرق الاوسط
وه‌رگێڕانی / به‌ختیار ئه‌حمه‌د ساڵح