Referandum
ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد له‌توركیا چاره‌سه‌ر ببێت، كورد لـه‌هـه‌موو شوێنێكی دونیا رزگاریان ده‌بێت
له‌توركیا ده‌یان سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌و نێوه‌ندی ستراتیژی و سیاسیی تایبه‌ت به‌توركیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان هه‌یه. به‌تایبه‌تی له‌ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی سیاسیی و له‌ئه‌سته‌مبولی پایته‌ختی دێرین و نێوه‌ندی شارستانیی و رۆشنبیریی هاوچه‌رخی توركیا. ئه‌م نێوه‌ندو سه‌نته‌رانه له‌گه‌ڵ یه‌كتری، له‌گه‌ڵ سه‌نته‌ره ستراتیژییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، له‌گه‌ڵ خارجییه و حزبی حوكمڕان، له‌گه‌ڵ زانكۆ‌و نێوه‌نده ئاكادیمییه‌كان، له‌گه‌ڵ نێوه‌ندی میدیا‌و رۆژنامه‌كان و دواجار له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی هاوكاری‌و هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن، پرۆژه‌ی هاوبه‌ش یان پرۆژه‌ی پاڵپشتیكراو ئه‌نجام ده‌ده‌ن، لێكۆڵینه‌وه‌كانیان ده‌ده‌نه بڕیار به‌ده‌ستان‌و كاكڵه‌ی روانینه‌كانیان له‌لێكۆڵینه‌وه‌و كتێب‌و به‌شداری كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كاندا بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی به‌رچاوی ژیانی رۆشنبیریی‌و سیاسی توركیای بیست ساڵی رابردووه.
ئه‌نقه‌ره: ستران عه‌بدوڵڵا
ئه‌م سه‌نته‌رانه فه‌زای سیاسیی ئاماده ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی روانینی نوێ یان وه‌رگرتنی دیارده تازه‌كانی له‌توركیا به‌رێوه‌ن.
فه‌زای بیركردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان
وه‌ك ده‌زانرێت ده‌سته‌بژێری رووناكبیریی و ئه‌كادیمی توركیا له‌ده‌ورانی كه‌مالیزمدا له‌قاڵبدراوی بیری كه‌مالیزم و چیرۆكی توركیا بوون به‌گوێره‌ی گێڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگا ره‌سمییه‌كانی. بۆیه به‌شداریان له‌داڕشتنه‌وه‌ی فه‌زای بیركردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ری كێشه سیاسییه‌كانی توركیا.به‌تایبه‌تی كێشه‌ی كورد‌و مه‌سه‌له‌كانی ناسنامه، سنووردار و له‌حوكمی نه‌بوودا بوو. ئه‌م واقیعه به‌رجه‌سته‌یه جێگه‌ی ره‌خنه‌ی ته‌ڤگه‌ری كوردی و نێوه‌نده ئه‌كادیمییه چه‌په‌كانی توركیا بوو، وه‌كو ره‌خنه‌كانی د.ئیسماعیل بێشكچی كه له‌هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانیدا دووباره‌بۆته‌وه.
به‌ڵام له‌م بیست ساڵه‌دا سێ فاكته‌ری جه‌وهه‌ری رۆڵیان گێڕا له‌خۆڕاسپكانی بواری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی و سه‌نته‌ره‌كانی له‌ئه‌ندێشه‌ی ره‌سمی و خه‌یاڵدانی كه‌مالیزم:
-نزیكایه‌تی زیاتری توركیا له‌ئه‌وروپاو گه‌شه‌سه‌ندنی حوكمی دیموكراتی له‌گه‌ڵ دواكوده‌تای مۆدێرنی سوپا له‌ساڵی 1997، كه‌جۆرێك له‌جێگیری له‌حوكمڕانی مه‌ده‌نی توركیای به‌خۆیه‌وه بینی.
-بنكۆڵكردنی كه‌مالیزم، كه‌حوكمی فه‌زای گشتی توركیای ده‌كرد له‌م دوو ده‌یه‌ی حوكمڕانی داد‌و گه‌شه‌پێداندا.
-بوونی مه‌سه‌له‌ی كورد‌و پرسی ناسنامه‌ی توركیا‌و ئه‌ندامێتی له‌یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌ده‌رفه‌تی گفتوگۆی له‌سه‌ر ئه‌و باسوخواسانه ئاسان كرد.
مه‌سه‌له‌ی كورد‌و رێوشوێنی چاره‌سه‌ركردنی
سه‌نته‌ری نێو ده‌وڵه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ توێژینه‌وه‌كانی ئاشتی.
(impr) یه‌كێكه له‌و سه‌نته‌رانه‌ی له‌و فه‌زا نوێیه‌دا دروستبووه كه له‌ڕێی لێكۆڵینه‌وه‌و كۆڕبه‌نده‌كانییه‌وه هه‌وڵده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی نوێ توخنی پرسه‌كانی توركیا بكه‌وێت به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی كورد‌و رێوشوێنی چاره‌سه‌ركردنی. د.فه‌یسه‌ڵ تایهان سه‌رۆكی ئه‌و سه‌نته‌ره ده‌ڵێت:
ناوه‌نده‌كه‌ی ئێمه، كه 15 ساڵه هه‌یه، ناوه‌ندی ئاشتییه، بۆیه‌ش ئێمه لێكۆڵینه‌وه‌و خه‌باتمان له‌خزمه‌تی خه‌ڵكدایه‌و بۆ خه‌ڵكه نه‌ك بۆ حكومه‌ت.
به‌سێ زمانی (ئینگلیزی، توركی، عه‌ره‌بی) شت بڵاوده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌مه تاكه ناوه‌ندی له‌و جۆره‌یه له‌توركیا، ئامانجی ئێمه ئاگاداركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورده‌كان، شیعه، سعودیه، لیبیا‌و.. ئێمه ده‌مانه‌وێت خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و شتانه بیربكه‌نه‌وه. من خۆم چه‌ندین كتێبم هه‌یه، چه‌ندین كۆنفرانسمان به‌ستووه، هه‌فته‌یه‌ك پێش ئێستا كۆنفرانسێكم له‌گه‌ڵ لقی گه‌نجانی ئاكه‌په هه‌بوو، له‌گه‌ڵ شاره‌وانییه‌كان هه‌روا.
سه‌نته‌ری ئاشتی هه‌موو ده‌رفه‌تێك بۆ دۆستایه‌تی ده‌قۆزنه‌وه، بۆیه له‌و كاته‌ی من بۆ دیالۆگ و ناسینی سه‌نته‌ره‌كه‌یان چووم. له‌وێ توێژه‌ره‌وێكی كوردی ماردینی «ئومێد ئالغان» لێ بوو كه‌زمانی عه‌ره‌بی ده‌زانی. به‌عه‌ره‌بی دیدارێكی بۆ سه‌نته‌ره‌كه‌یان له‌گه‌ڵ كردم له‌سه‌ر ره‌وشی كه‌ركوك و ئۆپه‌راسیۆنی دیجله، پاش ماوه‌یه‌ك له‌سایته‌كه‌یان بڵاویانكرده‌وه.
وه‌ك له‌م دیداره‌دا ده‌رده‌كه‌وێت فه‌سیه‌ڵ ئایهان خۆشی كورده بۆیه دیداره‌كه‌مان به‌كرمانجی و گفتوگۆكه‌شمان له‌سه‌ر ئاشتی له‌توركیا و چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد بوو.
ناساندن
د. فه‌یسه‌ڵ ئایهان له‌ساڵی 1976 له‌دایكبووه. ساڵی 1993 تاكو 1998 بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌زانكۆی (Near East University) له‌به‌شی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌رگرتووه. ساڵی 1999 تاكو 2002 بڕوانامه‌ی ماسته‌ری له‌زانكۆی (ئوڵوداغ) به‌ده‌ست هێناوه. له‌ساڵی 2002 بۆ 2005یش بڕوانامه‌ی دكتۆرای له‌هه‌مان زانكۆ وه‌رگرتووه. تێزی ماسته‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل، لوبنان‌و سوریا بووه. تێزی دكتۆراكه‌شی له‌سه‌ر «نه‌وت‌و ئاسایش» – سیاسه‌تی ئابووری‌و قه‌یرانه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه. به‌م دواییه كتێبێكی له‌سه‌ر «به‌هاری عه‌ره‌بی، راپه‌ڕینه‌كان‌و گۆڕانكاری» چاپكردووه. له‌زانكۆكانی ئابانت عیزه‌ت بایساڵ‌و ئوڵوداغ وه‌ك مامۆستا وانه‌ی له‌بواری په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ناسیۆنالیزم‌و كه‌مینه‌كان له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، بزاڤه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وكێشه‌ی عیراق و چه‌ندین بابه‌تی تردا وتۆته‌وه.
دۆستایه‌تی كورد‌و تورك
فه‌یسه‌ل سه‌ره‌تای قسه‌كه‌ی به‌مجۆره ده‌ستپێكرد:
-مه‌سه‌له‌ی كورد زۆر دوورودرێژه. ئه‌گه‌ر سه‌یری سه‌رده‌می سه‌لجوقییه‌كان بكه‌ین كه دۆستایه‌تی كورده‌كان‌و توركه‌كان ده‌ستی پێكرد، ئه‌وكات كوردستان وڵاتێكی ئاوه‌دانه‌و ده‌وڵه‌تی سه‌لجوقی كوردستان به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێت. هاوكاری كورده‌كان‌و سه‌لجوقی زۆری خایاند.
*به‌ڵام ئه‌و كاته‌ش ئیماره‌تی مه‌روانی هه‌بوو، سه‌لجوقییه‌كان شه‌ڕی ئه‌و ئیماره‌ته‌ی كورده‌كانیان كرد.
-سه‌ره‌تا شه‌ڕیان نه‌كرد، له‌گه‌ڵیاندا رێككه‌وتن، ئه‌م رێككه‌وتنه له‌دژی بیزه‌نتییه‌كان بوو. له‌شه‌ڕی مه‌لازكوردیش پێكه‌وه‌بوون. سه‌لجوقییه‌كان دوای 50- 60 ساڵ شه‌ڕی مه‌روانییه‌كانیان كرد. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌بوو كه‌ده‌وڵه‌تی سه‌لجوقی ده‌یووت من ده‌سه‌ڵاتم هه‌یه‌و ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌م خاكه فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌ك بۆخۆم دروست بكه‌م، بۆیه‌ش ده‌بێت ئیماره‌تی مه‌روانی له‌بنده‌ستی مندا بێت. دواتر كه‌دێینه سه‌رده‌می سوڵتان یاڤوز سه‌لیم‌و سه‌فه‌وییه‌كان، لێره‌شدا دیسان كورد یارمه‌تی توركه‌كانیان دا. ئه‌و كاته‌ش كورده‌كان ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌یی خۆیان هه‌بوو، وه‌كو كۆنفیدراڵییه‌ك. وا رێككه‌وتبوون كه كورده‌كان حوكمی ناوچه‌كانی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام هاوكاری سوپای عوسمانی بكه‌ن له‌دژی سه‌فه‌وی. ساڵ هات‌و رۆیی، به‌ڵام كورد خاوه‌نی یه‌ك حكومه‌ت نه‌بوو. له‌رواندز حكومه‌تێك هه‌بوو، له‌دیاربه‌كر حكومه‌تێك هه‌بوو، له‌جزیره حكومه‌تێك هه‌بوو و..، به‌م شێوه‌یه. چونكه كورده‌كان عه‌شایه‌ر بوون‌و له‌هه‌ر شوێنه‌و ده‌یانووت حكومه‌تی خۆمان داده‌مه‌زرێنین. دواتر له‌جه‌نگی جیهانی و له‌دوای جه‌نگیش، كورده‌كان دیسان هاوكاری توركه‌كانیان كرد. له‌دژی ئینگلیزه‌كان له‌یه‌ك به‌ره‌دا شه‌ڕیان كرد. دواتر مه‌سه‌له‌ی موسڵ هاته‌پێش، وازیان له‌كورد هێنا، ئه‌و كاته ئینگلیزه‌كان‌و فه‌ره‌نسییه‌كان هاتبوونه ناوچه‌كه، وتیان وڵاتی كورده‌كان‌و وڵاتی عه‌ره‌به‌كان هی ئه‌وانه‌و ئه‌وی تریش بۆ توركه‌كان. لێره به‌دواوه دۆستایه‌تی‌و برایه‌تی كورد‌و تورك نه‌ما‌و، شه‌ڕ كه‌وته به‌ینیانه‌وه. ئه‌مه‌ش هه‌تاكو رۆژگاری ئه‌مڕۆمان به‌رده‌وامه. جاروبار ئه‌و شه‌ڕه بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی وه‌ستاوه، به‌ڵام بۆ سه‌لماندنی حوكمڕانێتی له‌سه‌ر خاكی خۆیان هه‌ر هه‌بووه.
كاتێك ئاكه‌په هاته سه‌ر حوكم، وتی من وه‌ك ئه‌وانی تر نیم، من كۆتایی به‌م پرسه دێنم. به‌ڵام پێشتریش ئه‌و قسه‌یه هه‌ر كراوه، ته‌نها ئه‌ردۆگان باسی چاره‌سه‌ركردنی پرسی كوردی نه‌كردووه. ئۆزاڵ، ده‌میره‌ل، هه‌موو وایان ده‌وت. مه‌سعود یڵماز ده‌یووت رێگه‌ی ئاشتی‌و یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌دیاربه‌كردا ده‌رباز ده‌بێت.
ئاشتی و سێداره
*به‌ڵام ئه‌ردۆگان هه‌ندێك هه‌نگاوی پراكتیكی نا.
-ده‌بوایه پێشتر ئه‌و هه‌نگاوانه بنێن، كاتێك ئۆجه‌لان گیرا، وتیان ئێمه له‌سێداره‌ی ده‌ده‌ین‌و سزای له‌سێداره‌دان ده‌خه‌ینه‌وه ناو ده‌ستوور. به‌ڵام ورده‌ورده دنیا گۆڕا، كورده‌كان چوارچێوه‌ی خه‌باتی خۆیان گه‌وره‌تر كرد. كاتێك ئاكه‌په هاته سه‌رحوكم، بینی كه‌شه‌ڕێكی گه‌وره‌ی كورده‌كان له‌به‌رده‌میه‌تی. وتی من به‌شێوازی دیموكراتی كۆتایی به‌م شه‌ڕه دێنم. بۆ نموونه كه‌ناڵی (TRT6)ی كرده‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ی ئه‌م كه‌ناڵه‌دا، هاوكات 15 كه‌ناڵی كوردی تر ده‌ستیان به‌په‌خش كردبوو، له‌كوردستانی باشوور زمانی كوردی‌و زانكۆی كوردی‌و رۆژنامه‌ی كوردی پێشكه‌وتبوون. كورده‌كانی باكووریش چاویان به‌م پێشكه‌وتن‌و ئازادییه‌ی باشوور كه‌وت، بینیان كه له‌وێ وڵاتێكی ئازاد هه‌یه، ئه‌مانه هه‌مووی كاریگه‌ریان هه‌بوو. توركیاش وڵاتێك بوو ده‌یویست به‌ڕووی دنیادا بكرێته‌وه‌و سیاسه‌ت‌و ئابوورییه‌كه‌ی گه‌وره ببێته‌وه. بۆیه‌ش ئاكه‌په ناچاربوو ئه‌م دروشمه سیاسییانه هه‌ڵبگرێت. ئه‌مه ته‌نها هه‌نگاوێكی سیاسی بوو، هه‌نگاوی ده‌ستووری‌و یاسایی نه‌بوو. (TRT6) كرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا گیراوانی سیاسی ناتوانن به‌زمانی خۆیان به‌رگری له‌خۆیان بكه‌ن. یان ده‌یانه‌وێت وانه‌ی زمانی كوردی له‌زانكۆدا بخه‌نه به‌رنامه‌ی خوێندن، به‌ڵام ده‌ترسن ناوی بهێنن، له‌باتی ئه‌وه‌ی به‌ڕه‌سمی بڵێن «زمانی كوردی»، ده‌ڵێن «زمانێك كه‌حه‌قی خوراوه»، واته ئه‌و زمانه بێناوه. مه‌سه‌له‌ی كورد مه‌سه‌له‌یه‌كه كه‌ده‌بێ توركیا لێی تێبگات. ئه‌ردۆگان ورده‌ورده له‌وه تێگه‌یشت كه‌مه‌سه‌له‌ی كورد ته‌نها مه‌سه‌له‌ی به‌شێكی كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا نییه، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌ی كوردستانه. زانی كه‌به‌م تێگه‌یشتنه‌ی رابردووی هیچی بۆ ناچێته‌سه‌ر. گه‌لی كورد بوونه‌ته گه‌لێكی سیاسی، توانای سه‌ربازییان هه‌یه، به‌رگری له‌مافه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن، بۆته مه‌سه‌له‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مڕۆ خاكێك هه‌یه، ئه‌و خاكه ناوی هه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌و خاكه كێ ده‌بێ حوكمڕانی بكات؟ كه‌وابێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ته‌نها به‌وه چاره‌سه‌ر نابێ تۆ چه‌ند مافێكی سنووردار بده‌ی به‌م خه‌ڵكه.
گره‌نتییه‌كی ده‌ستووری
ئه‌ردۆگان ده‌یووت با من پێگه‌ی خۆم له‌توركیا به‌هێز بكه‌م، ئینجا خه‌مێكیش له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌خۆم‌و به‌چه‌ند هه‌نگاوێكی سیاسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م، دوایی بینی كه‌وا نییه. ئه‌مه‌ش پێویستی به‌سه‌قامگیری هه‌بوو، ده‌یووت با كورد شه‌ڕ نه‌كات‌و چه‌ك دابنێت، له‌ماوه‌ی 5 تا 10 ساڵدا من ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م. به‌ڵام هیچ گره‌نتییه‌كی ده‌ستووری له‌ئارادا نه‌بوو.
له‌گه‌ڵ ته‌قینه‌وه‌ی بارودۆخی سوریا، بینیان كه‌مه‌سه‌له‌ی سوریا زۆر قووڵه، به‌تایبه‌تی كورده‌كانی سوریا له‌ئاینده‌دا ده‌وڵه‌مه‌ند‌و به‌هێزده‌بن، خه‌ریكه وڵاتێك بۆخۆیان ئاوا ده‌كه‌ن. ئه‌ردۆگان ئه‌وه‌ی باش زانی كه ئه‌گه‌ر له‌ناو خودی توركیادا پرسی كورد یه‌كلایی نه‌كاته‌وه‌و له‌گه‌ڵ كورده‌كان گفتوگۆ نه‌كات، له‌سوریا كوردستانێك دروست ده‌بێت. زانی كورد ئیدی به‌شتێكی بچووك رازی نابن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش مه‌سه‌له‌ی كورد له‌توركیا به‌ره‌و پاش چوو.
*ته‌ڤگه‌ری كوردی چۆن ده‌ڕواننه ئاكه‌په؟
-ئاكه‌په له‌كێشه‌كه تێگه‌یشتووه، به‌ڵام تێگه‌یشتنیان بۆ چاره‌سه‌ر نییه. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌پێی یاسا‌و به‌پێی ئایین‌و به‌پێی پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌بێ چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام چاره‌سه‌ریان پێ نییه. هه‌ر ده‌ڵێن چه‌ند هه‌نگاوێكی سیاسی ده‌نێین، به‌وه چاره‌سه‌ر ده‌بێت. پێویسته له‌به‌رچاوی رای گشتی له‌گه‌ڵ كورده‌كان دابنیشن‌و پرس به‌كورد بكه‌ن كه‌مه‌سه‌له‌كه‌یان چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت. ئه‌ردۆگان ئه‌مڕۆ شتێك ده‌ڵێت، سبه‌ی شتێكی تر ده‌ڵێت. ئه‌ردۆگان له‌لایه‌ك باسی مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌كات، له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ستی ناسیۆنالیستی خه‌ڵكی تورك به‌هێز ده‌كات. خه‌ڵكی توركیش چه‌ندی ببن به‌ناسیۆنالیست، ئه‌و پرسه هێنده‌ی تر ئاڵۆز ده‌بێت.
كێ موخاته‌بی كورده؟
*به‌ڕای تۆ موخاته‌بی ئه‌و پرسه، ئۆجه‌لانه یان به‌ده‌په؟
-ده‌بێ سه‌ره‌تا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه قبوڵ بكه‌ن، واته مه‌سه‌له‌ی كوردستان هه‌یه‌و وڵاتێكی كوردان هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه قبوڵ بكرێت، موخاته‌ب زۆر گرنگ نییه. ئه‌وكاته وڵات به‌ره‌و ئاشتی ده‌ڕوات، كه ئاشتی به‌رقه‌رار بوو، مه‌سه‌له‌كه به‌ره‌و چاره‌سه‌ربوون ده‌ڕوات. ئه‌گه‌ر تۆ هه‌ر به‌موخاته‌به‌وه خه‌ریك بی، بڵێی موخاته‌ب كێیه‌و كێ نییه؟ ئه‌وا ده‌بێته مه‌سه‌له‌ی ئیسرائیل‌و فه‌له‌ستین. ئیسرائیل نایه‌وێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر بكات، ده‌ڵێت حه‌ماس هه‌یه، مه‌حمود عه‌باس هه‌یه، میسر هه‌یه، من كامه‌یان به‌موخاته‌ب بگرم؟ له‌ڕاستیدا مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین دیاره. ئێمه‌ش له‌توركیا ده‌ڵێین سه‌ره‌تا مه‌سه‌له‌ی كورد قبوڵ بكه‌ن، دواتر هه‌موو دنیا بكه‌ن به‌موخاته‌ب، با بزانین رای جیهان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چییه؟ له‌ئیسپانیا ئه‌و پرسه چۆن چاره‌سه‌ر بوو، له ئیرله‌ندا چۆن چاره‌سه‌ر بوو؟ فه‌رموو تۆ چاره‌سه‌رێكی توركی پێشكه‌ش بكه. عوسمانییه‌كان كاتی خۆی چۆنیان چاره‌سه‌ر كرد؟ ئه‌مه درێژكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌كه‌یه، ئه‌گینا موخاته‌ب كێشه نییه.
*سه‌ركردایه‌تی باشوور ده‌توانن چ رۆڵێكیان هه‌بێت له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا؟
-بڕوا ناكه‌م، چونكه ئه‌وانیش خۆیان كێشه‌یان زۆره. له‌لایه‌ك ئێران هه‌یه، له‌لایه‌كی تر شیعه‌و سوننه‌ی عیراق هه‌ن، ئه‌م دواییه خه‌ریك بوو له‌گه‌ڵ مالكیدا تووشی شه‌ڕ بن. تۆ چۆن بتوانی به‌كێشه‌یه‌كی ناوخۆی توركیاوه سه‌رقاڵ ببیت. به‌ڵێ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت چاره‌سه‌ر ببێت، زۆریش حه‌ز ده‌كه‌ن چاره‌سه‌ر ببێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی كوردی توركیا چاره‌سه‌ر ببێت، كوردستانی عیراق-یش هیچ كێشه‌یه‌كی نامێنێت. ئه‌گه‌ر توركیا مه‌سه‌له‌ی كورد له‌وڵاته‌كه‌ی خۆیدا چاره‌سه‌ر بكات، سنووری توركیا به‌ناو كه‌ركوكدا تێده‌په‌ڕێت.
*ئێستا توركیا حه‌زده‌كات ده‌ور‌و كاریگه‌ری هه‌بێت له‌كه‌ركوك، به‌ڵام ته‌نها هاوكاری به‌شێك له‌توركمانه‌كان ده‌كات. به‌ڕای تۆ پێویسته نییه توركیا هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ كورد ببه‌ستێت؟
-سه‌ره‌تا وابوو، به‌ڵام ئه‌م سیاسه‌ته‌یان گۆڕی. كاتێك داودئۆغڵو سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد، بارزانی‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ی پارتی چوونه شوێنی به‌ره‌ی توركمانی، پێشمه‌رگه پاسه‌وانییان له‌داودئۆغڵو ده‌كرد. كه‌وابوو ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ توركیا ده‌یه‌وێت نفوزی خۆی له‌عیراق‌و سوریا زیاد بكات، كورد ده‌توانێ هاوكاری توركیا بكات.
*ئێستا توركیا پشتگیری سوپای ئازادی سوریا ده‌كات، له‌عیراقیش پشتگیری توركمان ده‌كات، به‌ڕای تۆ له‌باتی ئه‌مه پشتگیری كورده‌كان بكات زیاتر قازانج ناكات؟
مه‌سه‌له‌ی كورد‌و سه‌رمایه‌گوزاری
-به‌پێچه‌وانه‌وه، به‌ڕای من له‌عیراق زیاتر پشتگیری كورد ده‌كات.
*پشتگیری كورده‌كان ده‌كات، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی سنوورێكی دیاریكراودا. ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه له‌توركیا چاره‌سه‌ر بكرێت، سنووری توركیا ده‌گاته كه‌ركوك‌و ده‌گاته قامیشلۆ‌و هه‌موو شاره‌كانی كوردستان؟
-به‌ڵێ، توركیا ئێستا له‌كورده‌كانی عیراق، هاوكاری بارزانی ده‌كات، نزیكه‌ی 12 ملیارد دۆلار سه‌رمایه‌گوزاری له‌و ناوچه‌یه‌دا كردووه، ده‌یه‌وێت مه‌سه‌له‌ی كورد له‌وه‌دا كورت بكاته‌وه كه كۆمپانیای بازرگانی له‌و هه‌رێمه‌دا بخاته‌گه‌ڕ. به‌ڵام له‌ڕاستیدا چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كورد شتێكه‌و هاوكاری كردنی بارزانی شتێكی تره.
*ئه‌گه‌ر گوشاره‌كان له‌سه‌ر ئێران زۆر بن‌و گۆڕانكاری له‌رژێمدا دروست بێت، مه‌سه‌له‌ی كورد له‌وێش سه‌رهه‌ڵده‌دات. توركیا چۆن ده‌ڕوانێته كوردستانی سه‌فه‌وی، له‌وێ چۆن نزیكی مه‌سه‌له‌ی كورد ده‌بێته‌وه؟
-له كوردستانی سه‌فه‌ویش، له‌چه‌ند شوێنێكی نه‌بێت، زۆربه‌ی كوردی سوننه‌ن. كوردی ئێران وه‌ك كوردی به‌شه‌كانی تر نین. له‌چاو به‌شه‌كانی تر مۆدێرنترن. تا ڕاده‌یه‌ك سه‌ربه‌خۆییان هه‌بووه. بێگومان ئه‌گه‌ر له‌وێش مه‌سه‌له‌ی كورد سه‌رهه‌ڵبداته‌وه، توركیا ده‌ترسێت. وا له‌كوردستانی سوریا ده‌ترسێت، كه به‌شێكی بچووكی كوردستانه. كوردستانی سوریا مێژووه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ مێژووی كوردستانی باكوور هاوبه‌شه. بۆیه‌ش په‌كه‌كه له‌وێ هێزێكی گه‌وره‌یه. چۆن له‌كوردستانی باشوور، پارتی‌و یه‌كێتی حكومه‌تیان دروست كرد، ئه‌مڕۆش له‌سوریا، په‌كه‌كه خه‌ریكی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ته. بۆیه‌ش توركیا له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌ترسێت. ئه‌گه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌سنووری سیاسی ناوچه‌كه‌دا دروست بێت، ئه‌وا بێگومان مه‌سه‌له‌ی كورد دێته‌گۆڕێ.
سیاسه‌تی توركیا له‌سوریا
*پشتگیریكردنی توركیا له‌سوپای ئازادی سوریا، سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه؟
-نه‌ك ته‌نها بۆ كورده‌كان، به‌ڵكو بۆ عه‌له‌وی‌و مه‌سیحی‌و درووزه‌كان شتێكی هه‌ڵه‌یه. چونكه هه‌موویان له‌سوپای ئازاد ده‌ترسن. سیاسه‌تی توركیا له‌سوریادا ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه له‌خۆ بگرێت. واته دڵنیایی ئه‌وه بدات كه سبه‌ی رۆژ هه‌مووان مافی یه‌كسانیان ده‌بێت له‌و وڵاته‌دا. مه‌سیحییه‌كان هه‌ر مافێكیان هه‌بێت، كورده‌كانیش هه‌مان مافیان هه‌بێت. به‌ڵام توركیا به‌م سیاسه‌ته هه‌نگاوی نه‌ناوه. سیاسه‌ته‌كه‌ی ته‌نها له‌به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌بی سوننه‌دا بوو. نه‌تیجه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه ئه‌مڕۆ له‌سوریا شه‌ڕێكی گه‌وره به‌رپابووه. ئه‌م شه‌ڕه‌ش كۆتایی نییه. تازه ناتۆش بێته ناو مه‌سه‌له‌كه‌وه هیچی پێ ناكرێت. ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌عیراق هه‌ڵایسا، چی لێكه‌وته‌وه؟ هێشتاش كورد‌و شیعه‌و سوننه‌و توركمان له‌ناو خۆیاندا پێكنایه‌ن. بۆیه‌ش سیاسه‌تی توركیا له‌سوریا هه‌ڵه‌یه. ده‌بێت سیاسه‌تێك بكات كه كورد‌و لایه‌نه‌كانی تریش لێی سودمه‌ند بن.
*چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چالاكی مانگرتنی كورده‌كان له‌ئارادا بوو. به‌ڕای تۆ ئه‌مه ده‌رفه‌تێك نه‌بوو بۆ ئه‌ردۆگان تاكو پرسی كورد له‌چاره‌سه‌ر نزیك بكاته‌وه، یان ئه‌و ته‌نها رۆژ به‌ڕێده‌كات‌و هیچی تر؟
-مه‌سه‌له‌ی كورد له‌توركیا، به‌سیاسه‌تی ناسیۆنالیستی چاره‌سه‌ر نابێت. پێویسته زمانی دیپلۆماسی‌و برایه‌تی‌و ئاشتی بكه‌وێته‌كار. ئه‌و پرسه له‌مه‌سه‌له‌ی سوریادا تووشی چه‌قبه‌ست بوو، ده‌بوایه سه‌ره‌تا له‌توركیا مه‌سه‌له‌ی كورد چاره‌سه‌ر بێت، پاشان له‌عیراق و له‌سوریا‌و شوێنه‌كانی تر. ئێستا كورده‌كانیش‌و توركه‌كانیش هه‌مووی هه‌وڵه‌كانیان له‌سوریا چڕكردۆته‌وه. ئه‌گه‌ر كورده‌كانی سوریا توانیان مه‌سه‌له‌ی هه‌رێمی فیدراڵی‌و مافه‌كانیان له ده‌ستووری نوێ‌دا بچه‌سپێنن، ئه‌وا جیاوازه. ئه‌وكاته دونیاش به مالكی ده‌ڵێت تۆ ناتوانی ناهه‌قی له كورده‌كان بكه‌یت. بۆ توركیاش باشتر ده‌بێت.
كورد چییه‌و مافه‌كانی چین؟
*ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی توركیا، خه‌ڵكی ئه‌كادیمی، رۆشنبیر، هونه‌رمه‌ند، زه‌ینیه‌تیان ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م پرسه؟
-زه‌ینیه‌ت هه‌میشه له‌گۆڕاندایه. كاتێك هه‌رێمی كوردستانی باشوور دامه‌زرا، هه‌موو كه‌س ده‌یوت: «ئه‌مه چییه؟!». به‌نیاز بوون له‌دژی بجه‌نگن. كه‌چی ئه‌مڕۆ 12 ملیارد دۆلار پاره‌یان تێدا خستۆته‌گه‌ڕ. ئێمه ده‌ڵێین پێویسته راستی شته‌كان بناسێنین، كورد چییه؟ مافه‌كانی چین؟ بۆنموونه ئه‌مڕۆ ده‌وڵه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ كورده‌كان عیراق خه‌ریكی ئاڵوگۆڕی بازرگانییه، بۆچی خه‌ڵكی توركیا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا نییه؟ یان تۆ رۆژنامه‌نووسی، به كوردی شت ده‌نووسی، كێ له‌توركیا ده‌توانێ نووسینه‌كانی تۆ بخوێنێته‌وه؟ ئه‌و ناوه‌نده‌ی ئێمه ده‌یه‌وێت مه‌سه‌له‌ی كورد به‌زمانه‌كانی تر بخرێته به‌ر دیده‌ی خه‌ڵك، له توركیا كۆنفرانس ببه‌ستین، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی توركیش بزانن كه كورد مرۆڤن‌و ده‌یانه‌وێت وه‌كو مرۆڤ بژین، شه‌ڕخواز نین. ئێمه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌بێ فارسه‌كان، عه‌ره‌به‌كان‌و توركه‌كان ناتوانین چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ده‌بێ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه پێكه‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ته‌نها به شه‌ڕیش چاره‌سه‌ر ناكرێت. له‌هه‌ندێ شوێن پێویستی به‌دیپلۆماسی هه‌یه، به‌دانیشتن‌و مێزی گفتوگۆ هه‌یه، پێویستی به یه‌كتر ناسین هه‌یه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵك یه‌كتر بناسن، دوژمنایه‌تیش نامێنێت. كار‌و ئامانجی ئێمه دروستكردنی دۆستایه‌تی خه‌ڵك‌و ئاشتییه.
به‌باوه‌ڕی من، خه‌ڵكی توركیا لایه‌نگری ئاشتین. پێویسته ئێمه هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌كی په‌یوه‌ست به كورده‌كان له‌توركیا بناسێنین. پێویسته له‌ڕێگه‌ی كۆڕ‌و كۆنفرانس دۆستایه‌تیمان به‌هێز بكه‌ین. به‌بێ یه‌كتری ئێمه ناتوانین كاربكه‌ین. بۆ نموونه ئه‌مڕۆ من‌و تۆ یه‌كترمان ناسی. من كه‌ده‌چم بۆ هه‌ولێر، له‌گه‌ڵ دوو كه‌س په‌یوه‌ندیم هه‌یه، یه‌ك «عه‌زیز بارزانی»ه له‌زانكۆی سه‌لاحه‌دین، ئه‌وی تر «مه‌حمود جووتیار»ه، هاوكاری ئێمه ده‌كه‌ن. بۆچی له‌سلێمانی كه‌س هاوكاریمان ناكات؟ ده‌بێ له‌مڕۆ به‌دواوه په‌یوه‌ندی‌و هاوكاریمان زیاتر بێت. چونكه ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورده‌كان له‌توركیا چاره‌سه‌ر نه‌بێ، ئێوه‌ش زۆربه‌ی كێشه‌كانتان وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه.
ئه‌گه‌ر ئاكه‌په نه‌یكات، پارتێكی دیكه چاره‌سه‌ری ده‌كات
كوردی باشوور چۆن به‌م رۆژه گه‌یشتن؟ ئه‌گه‌ر بێت‌و خه‌ڵكی ئێوه لێتان رازی بێ ئه‌وا خه‌ڵك پاسه‌وانیتان ده‌كات‌و نه سه‌ربازی عیراقی‌و نه سه‌ربازی هیچ وڵاتێكی تر ناتوانێ بكه‌وێته ناو خاكی كوردستان. ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ئه‌مڕۆش چاره‌سه‌ر نه‌بێ، پێنج ساڵی تر هه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌بێ. ئه‌گه‌ر ئاكه‌په چاره‌سه‌ری نه‌كات، سبه‌ی پارتیه‌كی دیكه دێت‌و چاره‌سه‌ری ده‌كات. ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌ر چاره‌سه‌ر ده‌بێت. بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت سه‌ربكه‌ون، نابێ پشتی خه‌ڵكی خۆتان به‌ربده‌ن. ده‌بێ كارێكی وا بكه‌ن كه توركیاش له‌مه تێبگات، بزانێ كه كورد وه‌ك جاران نه‌ماوه‌و داوای مافه ئینسانییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. توركیا وڵاتێكی مۆدێرنه‌و ده‌توانێ تێكه‌ڵ به‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی بێت. ئه‌م تێكه‌ڵبوونه كوردیش ده‌گرێته‌وه. دۆزی كورد پێویسته ببێته مه‌سه‌له بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ر توركه‌كاندا ده‌رباز ده‌بێت. بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر به‌زۆریش بێ، پێویسته له‌گه‌ڵ توركه‌كان له‌ده‌وری مێزێك كۆبینه‌وه‌و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد له توركیا چاره‌سه‌ر بێت، كورد له هه‌موو شوێنێكی دنیا رزگاریان ده‌بێت. ئه‌گه‌ر كورد هه‌مووی ببن به‌یه‌ك، نه‌ك هه‌ر
له‌سلێمانی‌و هه‌ولێر، به‌ڵكو له‌هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، ئه‌وه مه‌سه‌له‌كه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ئه‌نقه‌ره، ستران عه‌بدوڵڵا