خەڵك پێشبینی هەنگاوی گرنگ لە حكوومەت و پەكەكە دەكات
سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان پشتیوانی لە هەوڵەكان بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد لە توركیادا دەكات.
سەرۆكوەزیرانی توركیایش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت، خەڵكی پێشبینی هەنگاوی گرنگ لە حكوومەت و پەكەكە دەكات بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئەنجامی دڵخۆشكەر بگات.
مامەڵەی دروست لەگەڵ زیندانیاندا
ئۆجەلان لە نامەیەكدا، كە لە لایەن جێگری سەرۆكی پەرلەمانتارانی پارتی ئاشتی و دیموكراسی پەروین بوڵدان خوێندرایەوە، دەڵێت:”ئێمە بە قۆناغێكی مێژوییدا تێپەڕ دەبین… پێویستە هەموو لایەنەكان بە هۆشدارییەوە مامەڵە بكەن”.
ئۆجەلان لە بەشێكی دیكەی نامەكەدا دەڵێت:”حكوومەت چەندین زیندانی پەكەكەی لایە.
پەكەكەیش چەندین زیندانی حكوومەتی لایە. پێویستە پەكەكە بەشێوەیەكی باش لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا مامەڵە بكات”.
پەكەكە لە پاش مانگی تەمموزی ساڵی 2011 هەڵمەتی ڕفاندنی چڕتر كردەوە.
سەنتەری “مافەكانی مرۆڤ” لە توركیادا دەڵێت: پەكەكە لە نێوان مانگی تەمموزی ساڵی 2011 و مانگی ئابی 2012ـدا زیاتر لە 145 كەسی ڕفاندووە.
ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانە ئازاد كران، بەڵام تاكو ئێستاش چەندین كەس لەو ڕفێنراوانە لای پەكەكە ماون.
لە لایەكی دیكەوە هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی سەڵاحەدین دیمیرتاش ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژ و هەفتەی داهاتوودا پرۆسەكە دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.
دەمیرتاش ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە عەبدوڵا ئۆجەلان نەخشەڕێگایەكی بۆ مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیادا پێشكەش بە بەرپرسانی ئەنقەرە كردووە.
خەڵكی چاوەڕێی پەكەكە و حكوومەت دەكات
هاوكات سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئامانجی ئێستای حكوومەت ڕازیكردنی شەڕوانانی پەكەكەیە بۆ ئەوەی چەكەكانیان دابنێن.
ئەردۆغان گوتی: خەڵكی توركیا چاوەڕێی هەنگاوی ئەرێنی و گرنگ لە بەرپرسانی حكوومەت و پەكەكە دەكات بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەركەوتن بەدەست بهێنێت و بە ئەنجامی دڵخۆشكەر بگات.
هەربۆیەیش پێویستە حكوومەت و پەكەكە پێكەوە بەرپرسیاریەتیی خۆیان جێبەجێ بكەن و كار بۆ كۆتاییهێنان بەم ڕەوشە نالەبارە بكەن.
(ههولیر)